رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی 32ـی مۆندیال دەستپێدەکات، هەڵبژاردەی کەنەدا وەکو یەکێک لە میواندارەکانی پاڵەوانێتییەکە یەکەم یاریی ئەم قۆناخە ئەنجامدەدات و بەرامبەر ئەفریقای باشوور یاریی دەکات.
یارییەکە لە لۆس ئانجلێس کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت، یەکێک لەو دوو تیپە وەکو یەکەم هەڵبژاردە ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی مۆندیال دەکەن.
کەنەدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، بەبردنەوەیەک، یەکسانبوونێک و دۆڕانێک 4 خاڵی کۆکردەوە و وەکو دووەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناخی 32ـی مۆندیال.
هەڵبژاردەکە جاری سێیەمە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و یەکەمجارە دەگاتە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە، دەیەوێت سوود لە هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی قۆناخێکی دیکە ببڕێت و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی شازدە.
ئەلفۆنسۆ دەیڤز و جۆناتان دەیڤد، دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی کەنەدان و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن.
هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوور بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتووەتە قۆناخی دووەمی مۆندیال و ئێستا بەدوای ئەنجامێکی دیکەی مێژووییدا دەگەڕێت.
هەڵبژاردەکە لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمی مۆندیالدا بوو، ئەوان بە دۆڕان بەرامبەر مەکسیک دەستیانپێکرد، بەڵا، دوای ئەوە بەرامبەر چیک یەکسانبوون و لە کۆریای باشووریان بردەوە، بەمشێوەیە بە چوار خاڵ و وەکو خاوەنی پلەی دووەم شوێنی خۆیان لەم قۆناخەدا کردەوە.
ئەفریقای باشوور لە پاچوکای مەکسیک دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و سەرجەم یاریزانەکانی بۆ رووبەڕوبووونەوەکە ئامادەن و دەیانەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بکەن.
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوور و کەنەدا، لە قۆناخی داهاتووی مۆندیالدا بەرامبەر براوەی هۆڵەندا و مەغریب یاریی دەکات.
پێشتر لە 2007 ئەفریقای باشوور یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر کەنەدا ئەنجامداوە، یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردووەتەوە و ئەمە یەکەم یاریی فەرمییە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە.




