رووداو دیجیتاڵ
ئەلیساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری یانەی ئینتەرمیلان و بەربژێر بۆ چوونە ریزەکانی ریال مەدرید، تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پەیوەندیی نایاسایی لەگەڵ کچێکی نەوجەوانان، کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵە.
کاروانی وەرزشیی باستۆنی، کە یەکێکە لە ئەستێرەکانی خولی ئیتاڵی کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە دوای ئەوەی ناوی چووەتە نێو تۆمەتبارانی دۆسێیەکی شەرمەزارکەر، کە رەنگە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشییەکەی ئەگەر تۆمەتەکان بسەلمێنرێن.
رۆژنامەی لا گازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، پشتڕاستی کردەوە کە باستۆنی ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی پێگەیشتووە بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دوای ئەوەی ناوی لە دۆسێیەکی پەیوەندیی نایاسایی لەگەڵ نەوجەوانان (تەمەن خوار 18 ساڵ) هاتووە. بڕیارە رۆژی هەینی گوتەکانی لێ وەربگیرێت.
ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک دێت لە وەرگرتنی گوتەی ئەو کچانەی کە پەیوەندییان بە دۆسێیەکەوە هەیە. بەڵگەکانی لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە رووداوە گوماناوییەکە بۆ مانگی حوزەیرانی 2020 دەگەڕێتەوە، کاتێک باستۆنی لە ماڵەکەی خۆیدا چاوی بە کچێک کەوتووە کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵ بووە. ئەمەش بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئاژانسێکدا دۆزراونەتەوە، کە گومانی لێ دەکرێت دیداری بۆ دەوڵەمەندەکان رێکخستبێت، کە چەند یاریزانێکی تۆپی پێشیان تێدایە.
گفتوگۆکان ئەوە نیشان دەدەن کە یەکێک لە هاوکارانی ئاژانسەکە بە باستۆنی راگەیاندووە کچەکە ئامادەیە خۆی رادەست بکات لە بەرامبەر پارەدا، بەو مەرجەی بەیانی رۆژی دواتر بگەیەنرێتەوە ماڵەوە. هەروەها گفتوگۆکان رێکخستنی ژەمی ئێوارە و پرسیاری باستۆنی لەبارەی شوێنی دوورەدەست بۆ دیدارەکەی تێدایە.
ئەم بەرگریکارە و رێکخەری دیدارەکە رووبەڕووی تۆمەتی ئەنجامدانی کاری نایاسایی لەگەڵ نەوجەوانان بوونەتەوە. بەپێی هەمان رۆژنامە، پارێزەرەکەی باستۆنی گوتی "باستۆنی تووشی شۆک بووە و بەتەواوی رەتی دەکاتەوە کە پارەی بۆ ئەم جۆرە کارانە دابێت، چ جای ئەوەی لەگەڵ کەسێکی تەمەن خوار 18 ساڵ کردبێتی".
هەروەها گوتی "نازانم لە کاتی لێپرسینەوەکەدا قسە دەکەین یان نا، ئەمە بانگهێشتکردنێکە بۆ ناو نادیاری". پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە باستۆنی زۆر بەو تۆمەتانە کاریگەر بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە بەدووری دەزانێت ئەو پارەی بۆ پەیوەندیی تایبەت لەگەڵ نەوجەوانان دابێت.
جێی ئاماژەیە ئەو کچەی وەک شاهد گوتەی لێ وەرگیراوە، تەنیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ماڵی باستۆنی بووە و رەتیکردووەتەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵدا هەبووبێت، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی رۆژی هەینی راستیی گێڕانەوەی کچەکە دەردەخەن. چاوەڕوان دەکرێت 3 یاریزانی دیکەش وەک گەواهیدەر بانگهێشت بکرێن.
باستۆنی بۆ ماوەیەکی درێژ یەکێک بوو لە ئامانجە ئەگەرییەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری، پێش ئەوەی ئەمڕۆ بارسا بڕیار بدات گرێبەستی کریستێنسن نوێ بکاتەوە. لەهەمانکاتدا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا جەخت دەکەنەوە کە ریال مەدرید ئەو یاریزانەی خستووەتە نێو لیستی کارە لە پێشینەکانی بۆ بازاڕی هاوینە.




