رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە فۆڵۆوەس لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو ئاستەی هەڵبژاردەی بەرازیل لەژێر سەرپەرشتی ئەنچێلۆتی پێشکەشی دەکات بە 'مەترسیدار' وەسف دەکرێت، و هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم شێوازە رەنگە ببێتە هۆی چوونە دەرەوەی سامبا لە پاڵەوانێتییەکە.
ئەنچێلۆتی بەهێمنییەکی زۆر دەناسرێت، چونکە لە ماوەی راهێنەرایەتی لە ئیسپانیا ناسناوی 'باوکی رۆحی' وەرگرتووە، و زۆر بەدەگمەن دەمارگیر دەبێت، هەروەها تیپەکانیشی بەدەگمەن تووشی شکستهێنان دەبن.
بەڵام راهێنەرە ئیتاڵییەکە بە بێزار دەردەکەوت کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە توانای بۆ دەرخستنی باشترینەکانی ناو هەڵبژاردەی بەرازیل، کە بەهرەمەندی گەورەی تێدایە، بەڵام هەندێکجار تووشی ناجێگیری دەبێت.
ئەنچێلۆتی کە تیپەکەی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر نەرویج لە قۆناخی 16 لە شاری نیویۆرک، گوتی "لە ئیتاڵیا دەڵێن هەموو پیاوان دەیانەوێت ببنە راهێنەر و هەموو خانمانیش ببنە ئەندازیاری تەلارسازی".
هەروەها گوتیشی "نازانم ئایا لە تۆپی پێ تێدەگەم یان نا، بەڵام کەس مافی ئەوەی نییە بڕیارم لەسەر بدات لەم بابەتەدا، چونکە من گەمژە نیم. ئەوەی دڵنیایە ئەوەیە کە من سەرپەرشتی زیاتر لە 1400 یاریم کردووە".
کارلیتۆ بەردەوام بوو و گوتی "لەوانەیە ئەمە بەس نەبێت بۆ تێگەیشتن لە تۆپی پێ، بەڵام بێگومان ئەزموونێکی زۆرە. تەنیا یەک کەس هەیە زیاتر لە من سەرپەرشتی یاری کردبێت، ئەویش ئەلێکس فێرگسۆنە، کە زیاتر لە 2000 یاری بەڕێوەبردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد "ئامۆژگاری لە هەموو کەسێک وەردەگرم، بەڵام تاکە کەس کە بەڕاستی شیاو بێت بۆ پێشکەشکردنی ئامۆژگاری بە من، تەنیا ئەلێکس فێرگسۆنە".
لە کۆتاییدا وتی: "بە رێژەی 100% دڵنیام کە من بلیمەت نیم، بەڵام لە هەمان کاتدا بە رێژەی 100% دڵنیام کە من گەمژەش نیم".




