رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە بردنەوەیەکی دراماتیکی و لە خولەکەکانی کۆتاییدا، توانی شکستی کوشندە تووشی پۆرتوگال بکات و خۆی بگەیەنێتە قۆناخی هەشتی کۆتایی مۆندیال.
تاکە گۆڵی یارییەکە لەلایەن میکێل مێرینۆ لە خولەکی 1+90ـی یارییەکەدا تۆمارکرا، کاتێک سوودی لە هەڵەیەکی بەرگریی پۆرتوگال وەرگرت و بلیتی سەرکەوتنی پێشکێشی لارۆخا کرد.
بەم ئەنجامە، هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە سەرکردایەتی رۆبێرتۆ مارتینێزی ئیسپانی ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی مۆندیال کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە هەموو پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەمە دوا مۆندیالی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانە بێت، کە تەمەنی گەیشتووەتە 41 ساڵ و نەیتوانی خەونەکەی بەدی بهێنێت.
یارییەکە ململانێیەکی تووندی تاکتیکی بوو لە نێوان لویس دی لا فۆینتێ، راهێنەری ئیسپانیا و رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری پورتوگال. هەرچەندە دیێۆگۆ کۆستا، گۆڵپارێزی پۆرتوگال لە نیوەی یەکەمدا چەندین تۆپی ترسناکی ئیسپانییەکانی گەڕاندەوە، بەڵام لە کۆتاییدا میکێل مێرینۆ گرێ کوێرەکەی کردەوە.
ئیسپانیا بەم سەرکەوتنە گەیشتە قۆناخی 8و چاوەڕێی براوەی یاری نێوان ئەمریکا و بەلجیکا دەکات، کە بڕیارە بەرەبەیانی سێشەممە بەڕێوەبچێت.




