رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزین تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ پێش 6ی حوزەیران. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، عێراق پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاد بکات نرخ دادەبەزێ.
زیاتر لە مانگێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە هەزار دینار، بەرپرسێک دەڵێت، رۆژانە ملیۆنێک و 800 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەشی هەموو شارەکان دەکرێ، بەڵام بۆ نرخێکی جێگیر سێ ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە پێویستە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، نرخی ئەمڕۆی بەنزینی کواڵێتی بەرز لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لیتری بە هەزار و 50 دینارە، لە پارێزگای هەولێر لیتری لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 95 دینارە. هەروەها لە دهۆک نرخی لیترێک بەنزین دەگاتە هەزار و 100 دینار.
"50 هەزار بەرمیل نەوت کەمە بۆ بەنزین"
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نەوتی بەرهەمهێندراوی هەرێمی کوردستان رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستییەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لایەنی پەیوەندیدار ئەو رێژەیە بەکەم دەزانێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی ئاگاداری سەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عێراق رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت دەداتەوە هەرێمی کوردستان، ئەوە بڕە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و پێداویستی نێوخۆ پڕناکاتەوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەگەر حکومەتی عێراق پشکی بەنزینی هەرێمی کوردستان لە 50 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بکاتە 65 هەزار بەرمیل، بەنزین هەرزان دەبێت.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی، 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم دەهێندرێت و ئەوەش بەشی هەرێمی کوردستان ناکات."
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتیشی، "رۆژانە حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو 50 تانکەر بەنزین دابەش دەکات بەسەر هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار لیتر، بۆیە ئەو 50 هەزار بەرمیلە بازاڕی هەرێمی کوردستان پڕناکاتەوە."
بە گوتەی جەنگی مەجید، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە سێ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، ئەوەی عێراق دەینێرێت دوو ملیۆن کەمتر بەرهەمی بەنزینی لێ دروست دەکرێ و زیاتر لە ملیۆنێک لیتر بەنزین هاوردە دەکرێ، بەهۆی دۆخی ناوچەکەشەوە نرخی بەنزینی هاوردەکراو بەرزە و بۆیە نرخ ئاسایی نەبووەتەوە.
نرخی ئەمڕۆی بەنزین
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە. رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لەدوای ئەو رێککەوتەوە تاوەکو ئەمڕۆ نرخی بەنزین ئاسایی نەبووەتەوە، کە پێش ئەو کاتە لیتری بە 850 بۆ 900 دینار بوو.
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بەردەوامە و لیتری بە 750 دینار ئەمڕۆ لە 20 بەنزینخانەی هەولێر دابەش دەکرێت."
لەبارەی نرخی بەنزینی بازرگانییەوە، جەنگی مەجید، گوتی، نرخی بەنزینی بازرگانی بە کۆ لیتری بە 930 بۆ 940 دینارە؛ لە "ژمارەیەک بەنزینخانە لیتری دابەزیوە بۆ هەزار دینار."
هەر ئەمڕۆ لە زۆرینەی بەنزیخانەکانی هەولێر، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە هەزار و 80 بۆ هەزار و 95 دینارە. بەڵام بە بڕوای جەنگی مەجید، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی کۆنی تەواو بێ و بەنزین بە نرخی ئەمڕۆ بکڕێت، نرخ زیاتر دادەبەزێنێت.
هەروەها بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، نرخی بەنزین جێگیرە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ناتوانین بڵێین بەنزین هەرزان دەبێت، بەڵام باشبوونی دۆخەکە کاریگەری لەسەر هەرزانبوونی نرخی بەنزین دەبێت."
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە سنوورەکەمان بەردەوامە، ئەمڕۆ 360 هەزار لیتر دابەش دەکەین."
لەبارەی نرخی بەنزینی بازرگانی، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی، "نرخ بەرەو دابەزین دەچێت، بەنزینی نۆرماڵ بەگوێرەی کواڵیتی نرخەکەی لە نێوان 940 دینار بۆ 1100 دینارە."




