رووداو دیجیتاڵ
لە دهۆکی هێلینا ئەلهویان، بۆ لالیگای ئیسپانیا و یارییکردن لە یانەیەکی دیاری ئیسپانیا و وەرزی داهاتوو لە خولێکی دیار و بەهێز یاریی دەکات.
هندرێن داود خالید، گەنجێکی بەهرەمەندی کوردە و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانییەوە دەکات بۆ یارییکردن لە لالیگادا لەسەر ئاستی لاوان.
یاریزانەکە تەمەنی 22 ساڵە، لە هێڵی بەرگری و ناوەڕاست یاریی دەکات، پێشتر لە یانەکانی پیرس و دهۆک یارییکردووە، هەرچەند ئەو ناوێکی زۆر دیار نەبوو و هەلی زۆری بۆ یارییکردن پێنەدرا، بەڵام توانیوویەتی بگاتە ئاستێکی بەرز و پەیوەندی بە یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانییەوە دەکات.
هندرێن داود، بە هندرێن بانی ناسراوە، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، ئێستا لە ئیتاڵییە، گرێبەستی بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ یانەی ڤایادۆلید واژۆکردووە، چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکانی پەیوەندیکردنی بەو یانەیەوە دەکات بۆ ئەوەی رووبکاتە ئیسپانیا و بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە واژۆ بکات.
گرێبەستی یاریزانە کوردەکە لەگەڵ یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانی، بۆ ساڵێکە لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکە.
هندرێنی بەتوانا زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی و ئیتاڵی دەزانێت، مەرجە سەرنجڕاکێشەکەی نێو گرێبەستەکەی ئەوەیە پێویستە خۆی فێری زمانی ئیسپانی بکات.
لە ماوەی رابردوودا هندرێن داود لەگەڵ یانەی تی ئێس مارلینگی ئیتاڵی بوو، بەڵام تەنیا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە توانای جەستەیی خۆی بکات و لایەنە هونەرییەکەی دانەبەزێت.



