رووداو دیجیتاڵ
تۆماس تۆخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەڵێت "ئێمە دەزانین بۆچی لێرەین و چیمان دەوێت، بیرمان لە رێگای راگرتنی مێسیش کردووەتەوە، بەڵام ئەو هەر چارەسەرێک دەدۆزێتەوە."
تۆخێل لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەیان بەرامبەر ئەرجەنتین گوتی "دەزانین بۆچی لێرەین. دەزانین چیمان دەوێت. هەرگیز سڵمان نەکردووە لەوەی کە چاوەڕوانییەکی وەهامان لە خۆمان هەبێت، یان بیڵێین، یان خەونی پێوە ببینین. ئێمە لە قۆناخی پێش کۆتایین؛ بە برسییەتییەکی زۆرەوە گەیشتینە ئەم قۆناخە. سەرکەوتنی داهاتوومان دەوێت. رێز لە رکابەرەکەمان دەگرین، بەڵام ناچینە ناو رووداوە مێژووییەکان و یارییەکە لەوە گەورەتر ناکەین کە خۆی هەیە. ئەمە یارییەکی گەورەی تۆپی پێیە؛ بۆنەیەکی گەورەیە. ئێمە زۆر بەپەرۆش و سوپاسگوزارین، بەڵام زۆر برسیین و ئامادەین بۆ دەستپێکردن."
لەبارەی ئەوەی رووداوە مێژووییەکان کاریگەرییان لەسەر یارییەکە دەبێت؟ تۆخێل گوتی "ئەمە رکابەرییەکی گەورەیە؛ ئەمانە دوو نەتەوەی گەورەی تۆپی پێین. هەر کەسێک کە حەزی لە تۆپی پێ بێت، هەر کەسێک کە وەک هاندەرێکی تۆپی پێ شوێنی مۆندیال کەوتبێت، شارەزای ئەم جۆرە رووبەڕووبوونەوانەیە و دەزانێت چی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ئەمانە دوو وڵاتی گەورەی تۆپی پێین. چاوەڕوانی یارییەکی توند و بەهێز دەکەین، چاوەڕوانی یارییەکی پڕ لە سۆز دەکەین. پێشبینی یارییەک دەکەم کە ئاراستەی کۆنترۆڵ و گوشاری تێیدا زۆر بگۆڕێت و هەر شتێکی دیکە جگە لەوە رووبدات جێی سەرسوڕمان دەبێت بۆم"
تۆماس باس لە رێگای راگرتنی مێسی دەکات و دەڵێت "بیرم لەوە دەکردەوە کە ئایا چاودێرییەکی توندی تاکەکەسی بۆ لیۆنێل مێسی بە شێوازە کۆنەکە بکەین یان نا. دڵنیا نیم کە ئەو بیرۆکەیە جێبەجێ دەکەین، بەڵام بە مێشکمدا هات. پێموایە هەمووان ئەو شوێنانە دەناسن کە ئەو دەیەوێت تێیاندا دەربکەوێت. ئەگەر سەیری یارییەکان بکەیت، هەست دەکەی ئەو شتەکان زووتر لە هەر کەسێکی دیکەی ناو یاریگاکە دەبینێت. وەک ئەوە وایە تۆپەکە بۆی بڕژێت، ئەو بۆشاییەکە دەدۆزێتەوە، دوو مەتر بۆشایی بۆ پێی چەپی دروست دەکات و پاشان بە بەرزترین ئاست چارەسەرەکە جێبەجێ دەکات. بێگومان هەندێک شێوازمان لە یاریی ئەواندا دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەگەر تۆ ئەو رێگایانەشی لێ دابخەیت، ئەو رێگەیەکی نوێ دەدۆزێتەوە یان دروستی دەکات. ئەمە هێزە بێوێنەکەی ئەوە. یاریکردن بەرامبەر پاڵەوانی جیهان شتێکی تایبەتە. یاریکردن بەرامبەر مێسی و تیپەکەی شتێکی ناوازەیە. یاریکردن بە ناوی ئینگلتەراوە بەرامبەر ئەرجەنتین بێوێنەیە. ئەمە تەنیا یارییەکی گەورەیە لە پاڵەوانێتییەکی گەورەدا."




