رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی گەڕایەوە بۆ ریال مەدرید بە هەڵگرتنی ئومێدی هاندەران بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی تیپەکە و کێبڕکێکردن لەسەر هەموو نازناوەکان، بەڵام ئەرکەکەی لە یەکەم رۆژەوە ئاسان نابێت.
پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، سپێشەڵ وەن خۆی لەبەردەم کۆمەڵێک بڕیاری چارەنووسسازدا دەبینێتەوە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی سەرەکی، لەبەر زۆری بژاردەکان دوای ئەو بەهێزکردنە گەورانەی یانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا ئەنجامی دان، ئەمەش وایکردووە کێبڕکێیەکی تووند لەسەر چەندین پێگە لە ناو تیپەکەدا دروست بێت.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاماژەی پێداوە، مۆرینیۆ هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە چەندین دۆسێیەی هونەری، چونکە 5 پێگەی سەرەکی هەن کە تاوەکو ئێستا دیارنییە کێ یارییان تێدا دەکات. گرێبەستە نوێیەکان کە بریتین لە مارک کوکورێیا، ئیبراهیما کۆناتێ، دینزڵ دۆمفرێس و بێرناردۆ سێلڤا تووندی کێبڕکێکەیان لە ناو تیپەکەدا زیاد کردووە، ئەمەش وادەکات ماوەی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ یەکلاکەرەوە بێت بۆ دیاریکردنی ئەو پێکهاتەیەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پشتی پێ دەبەستێت لەگەڵ دەستپێکردنی کێبڕکێکان.
هەرچەندە هەندێک پێگە هەن کە تاوەکو راددەیەکی زۆر یەکلایی بوونەتەوە، بەڵام مۆرینیۆ هەر یەکە لە کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس جونیۆر، جود بێلینگهام، فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی، مارک کۆکۆرێلا، و گۆڵپارێز تیبۆ کۆرتوا وەک بڕبڕەی پشتی پڕۆژە نوێیەکەی لە ریاڵ مەدرید دەبینێت. لە بەرامبەردا، هێشتا کێبڕکێ لەسەر پێگەی بەرگریکاری لای راست، دووانەی دڵی بەرگری، و یەکێک لە پێگەکانی هێڵی ناوەند، جگە لە باڵی راستی هێرشبەر بەکراوەیی ماوەتەوە.
ململانێ و تەنگژە
گرێبەستکردن لەگەڵ دینزڵ دۆمفرێسی هۆڵەندی دۆخی ترێنت ئەلێکساندەر-ئارنۆڵدی ئینگلیزی ئاڵۆز کردووە. شێوازی یاریی دۆمفرێس کە پشت بە هێزی جەستەیی و پابەندیی بەرگری و هەوڵێکی زۆر دەبەستێت، زیاتر لەگەڵ فەلسەفەی مۆرینیۆدا دەگونجێت. لە بەرامبەردا، ترێنت خاوەنی تایبەتمەندی هێرشبەری گەورە و توانایەکی ناوازەیە لە دروستکردنی یاری و پاسداندا، ئەمەش دەبێتە چارەسەرێکی هێرشبەری زیادە بۆ تیپەکە. هەرچەندە هەردوو یاریزانەکە هەلی بەشداریکردنیان بۆ دەڕەخسێت، بەڵام تەنیا یەک جێگا لە یارییە گەورەکاندا بەردەست دەبێت.
هەڵبژاردنی دووانەی دڵی بەرگری یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان لەبەردەم مۆرینیۆ، بەتایبەت دوای هاتنی ئیبراهیما کۆناتێ، کە ژمارەی کێبڕکێکارانی لەو پێگەیەدا گەیاندە 5 یاریزان. بەرگریکارە فەرەنسییەکە دەیەوێت بەخێرایی خۆی بەسەر پێکهاتەی سەرەکیدا بسەپێنێت. لە بەرامبەردا، دین هاوسن هەوڵدەدات ئەو ئاستە ناوازەیەی کە لە جامی جیهانی یانەکاندا پێشکەشی کرد بگەڕێنێتەوە.
ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر و ئێدێر میلیتاو خاوەن پێشینەن بەهۆی ئەزموونیان، بەڵام دۆخی جەستەییان جێگەی نیگەرانییە. هەروەها راول ئاسێنسۆ وەک بژاردەیەک دەمێنێتەوە دوای ئەوەی ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە.
کێبڕکێی تووند لە هێڵی ناوەڕاست
پەیوەندیکردنی بێرناردۆ سێلڤا وایکرد بژاردەکانی ریال مەدرید لە هێڵی ناوەڕاست بەهێزتربن. سێلڤا کێبڕکێ لەگەڵ ڤاڵڤێردی و ئۆرێلین چوامێنی دەکات بۆ یەکێک لە پێگە سەرەکییەکان، لەکاتێکدا ئێدواردۆ کاماڤینگا هەوڵدەدات بگەڕێتەوە سەر ئاستە بەرزەکەی. هەروەها وەرزی رابردوو دەرکەوتنی بەهرەمەندی لاو تیاگۆ پیتارچی بەخۆوە بینی، کە دەیەوێت کاتی زیاتری یاریپێکردنی پێ بدرێت و چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنێک لەگەڵ مۆرینیۆ بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی داهاتووی.
باڵی راست.. دوایین نیشانەی پرسیار
پێگەی باڵی راست وەک تەمومژاوترین پێگە دەمێنێتەوە. مایکل ئۆلیسێ هێشتا گەورەترین خەونی کارگێڕی ریال مەدریدە لەم پێگەیەدا، بەڵام لە ئەگەری ئەنجامنەدانی گرێبەستەکە، یانەکە پەنا بۆ ئەو چارەسەرانە دەبات کە لە ناو لیستەکەیدا هەن.
ئاردا گولەری تورکی نزیکترینە بۆ گرتنی جێگەیەکی سەرەکی، لەکاتێکدا ئیبراهیم دیاز بەردەوامە لە جەنگان بۆ سەلماندنی شایستەیی خۆی. لە بەرامبەردا، پێویستە فرانکۆ ماستانتۆنۆ و ئێندریک بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن. رۆدریگۆی بەرازیلیش هێشتا بەردەوامە لە بەرنامەی چارەسەرکردنی و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی 2027 بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت یاریزانانی ریال مەدرید کە بەشدارییان لە جامی جیهانیدا کردووە، لە نێوان 5 بۆ 10ـی ئاب بگەڕێنەوە بۆ مەشقە بەکۆمەڵەکان. ئەم قۆناخە بۆ مۆرینیۆ و جێبەجێکردنی پلانەکانی گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێکهاتەی سەرەکی و دەستپێکردنی گەشتی بردنەوەی نازناوەکان.




