رووداو دیجیتال
یانەی شەترەنجی خانزاد بە پاڵشتی ناوەندی لاوان لە رۆژی جیهانی شەترەنج گەورەترین پاڵەوانێتیی سازکرد و حوسێن عەلی، نازناوەکەی بردەوە.
ئەو پاڵەوانێتییە بە بەشداریی 250 یاریزان بوو، یارییەکانی بەشێوازی نۆ گەڕی سویسری دوو رۆژی خایاند، تەواوی کێبرکێکەش لە لایەن یەکێتیی شەترەنجی عێراقی و نێودەوڵەتی باوەڕپێکراوبوو.
کاردۆ ئاکۆ، جێگری سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد لەبارەی پاڵەوانێتییەکەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە لە رۆژی جیهانی شەترەنج بە هاوکاری ناوەندی لاوان ویستمان کارێکی گەورە بۆ شەترەنجزانانی کوردستان و عێراق بکەین، بێگومان جۆرە پاڵەوانێتییەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاستی یاریزانانی یارییەکە لەسەر ئاستی شاری هەولێر و کوردستان".
دوای ململانێیەکی بەهێز ئەنجامی پاڵەوانێتییەکە بەمشێوەیە بوو کە بەسەر سێ ئاستدا دابەشکرابوون:
ئاستی یەکەم : حوسێن عەلی پلەی یەکەم، رێباز نەسیر پلەی دووەم، سەفار عەبدوڵڵا پلەی سێیەم.
ئاستی دووەم: دەوەن نەسرە پلەی یەکەم، دانێر نەسرەو پلەی دووەم، بەیاد عوسمان پلەی سێیەم.
ئاستی سێیەم: پەروا پشتیوان پلەی یەکەم، سارا مەسعود پلەی دووەم، نڤار سەردار پلەی سێیەم.
یانەی شەترەنجی خانزاد یانەیەکی تایبەتمەندە و ساڵانە لەسەر ئاستی عێراق دەیان پاڵەوانی یارییەکە پێدەگەیەنێت، بەردەوامیش ژمارەیەکی زۆری یاریزانانەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە ریزی ئەو یانەیەدان.




