رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، پاڵەوانی پرێمەرلیگ، چاوی بڕیوەتە تواناکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید، ئەمەش لە ئەگەرێکدا ئەگەر یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێنەکاتەوە.
هەوڵەکان لە قۆناخی سەرەتاییدان، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەیڤد ئۆرنشتاین و جەیم مەکینۆڵاس، رۆژنامەنووسانی رۆژنامەی 'The Athletic'، ئارسیناڵ بە رژدی بیر لە گواستنەوەی ئاسکە بەرازیلییەکە دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لە نێوان هەردوو یانەدا ئەنجام نەدراوە، بەڵام بیرۆکەی گواستنەوەی ڤینیسیۆس لە نێو هەموو ئاستەکانی کارگێڕیی ئارسیناڵدا پەسەند کراوە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کە تەمەنی بووەتە 26 ساڵ، تەنیا 12 مانگی لە گرێبەستەکەی ماوە لەگەڵ یانەکەی و هەشت وەرزی لە مەدرید بەڕێکردووە. تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا رووینەداوە، ئەمەش وایکردووە ریال مەدرید لە دڵەڕاوکێدا بێت، چونکە نایەوێت ئەو ئەستێرەیە لە هاوینی داهاتوودا بە خۆڕایی لەدەست بدات.
ڤینیسیۆس لەگەڵ شاهانەکان لەو کاتەوەی لە ساڵی 2018 لە فلامینگۆوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر 375 یاری ئەنجامداوە، توانیویەتی 128 گۆڵ تۆمار بکات و 100 ئەسیستیش پێشکێش بە هاوتیپەکانی بکات، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی جیهان لە باڵەکاندا.




