رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی فەرەنسی، کە شارەزای کاروانی یارییکردنی، یان دیۆماندێی یاریزانی کۆتدیڤوارییە، پێدانی بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ بەو یاریزانە لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە، بەدەبەنگییەکی گەورە ناودەبات، لە بەرامبەر راهێنەرێکی پێشووی یاریزانەکە دەڵێ، ئەو خاوەنی بەهرەیەکی سرووشتییە و بۆ یانەیەکی گەورە زۆر گونجاوە.
زۆرینەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان هاوڕان لەسەرئەوەی، یانەی ریال مەدرید لە نێوان 110 تاوەکو 120 ملیۆن یۆرۆ دەدات، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یان دیۆماندێی یاریزانی لایپزیگی ئەڵمانی.
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە یانەی شاهانە، رێوشوێنەکان و وردەکاری رێکەوتنی لەگەڵ یاریزانەکە تەواوکردووە، تەنیا ناکۆکییەکی کەم، لەسەر تێچووی گواستنەوەکە هەیە لەگەڵ یانەی لایپزیگ و ئەوەش بەرەو چارەسەربوونە.
بۆرخا خیمینێز، راهێنەری پێشووی یانەی لیگانێسی ئیسپانی، کە ئەو یاریزانە یاریی لێکردووە دەڵێ، دیۆماندێ خاوەنی بەهرەیەکی سرووشتییە و بۆ ئەوە گونجاوە لە یانەیەکی گەورە یاریی بکات.
خیمینێز، راهێنەری دیۆماندێ بووە لە وەرزی 2024 - 2025 کە بەوەرزی تەقینەوەی تواناکانی ئەو لاوە تەمەن 19 ساڵانە دادەنرێت.
دیۆماندێ لەماوەیەکی کەمدا، بەهای لە بازاڕی گواستنەوەدا لە نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆوە، بۆ 90 ملیۆن یۆرۆ، زیادی کردووە.
خیمینێز دەڵێ، "بێگومان دیۆماندێ ئامادەیە بۆ چوونە یانەیەکی گەورە، ئەو هەفتە لە دوای هەفتە، گەشەی گەورەتر لە خۆیدا پێشاندەدات".
هەروەها دەڵێ، "دیۆماندێ توانای بڕین، دەرهێنانی تۆپ لە ژێر گوشاری هەیە، ئەو یاریزانێکی جیاوازە و کە دەیبینی، هەستدەکەی تەماشای لامین یامال دەکەیت".
راهێنەرەکەی پێشوو زیاتر گوتوویەتی، "ئەو توانەیەکی سەرسوڕهێنەری لە ئاراستەگۆڕینی خۆیدا هەیە، یاریزانان زۆر بەئاسانی دەبڕێت، ئەو کاریگەرییەکی گەورەی هەیە و بەردەوام ئەوە دووبارە دەکاتەوە، توانایەکی جەستەیی گەورەی هەیە و من پێشتر لە نزیکەوە، بەهرەی لەو شێوەم نەبینیوە".
لە بەرامبەردا، وەلید ئاشرشوری رۆژنامەڤانی فەرەنسی، رەخنەی لە هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە گرتووە. ئەو دەڵێ گرێبەستەکە لەئاستی چاوەڕوانییەکاندا نابێت، بەتایبەت ئەگەر هاتنی ئەو، بۆ شوێنگرتنەوەی ڤینیسیۆس یان لە بری ئۆلیسێ بێت.
رۆژنامەنووسەکە دەڵێ، "ئەگەر من هاندەری ریال مەدریدبم، گواستنەوەی ئۆلیسی بە 150 واز لێبهێنم و بچم دیۆماندێ بە 120 بگوازمەوە، ئەوکات بەخۆم دەڵێم، دیارە کەسێک من بەگێل و دەبەنگ دەزانێت، کاڵاکە ئەو بەهایەی نییە".
رۆژنامەنووسەکە زیاتر دەڵێ، "ئەو جۆرە گرێبەستانە، نالۆژیکین بۆ هاندەرانی ریال مەدرید، بەتایبەت کە پارەیەکی زەبەلاح بە یاریزانێک دەدرێت، هێشتا دڵنیایی نییە لەسەرئەوەی دەگاتە ئەو ئاستەی ریال مەدرید دەیەوێت".
بەپێی دوایین زانیاریی سەرچاوە میدیاییەکانی ئەورووپا، دیۆماندێ رێکەوتنی زارەکی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە، داوای رۆیشتنیشی تەنیا بۆ ئەو یانەیە کردووە.




