رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێری پۆرتوگالی، خۆی بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونی ئەکتەرایەتی ئامادە دەکات و بۆ یەکەمجار بەشداری لە درامایەکدا دەکات.
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، دۆن لەگەڵ ماتیۆ فۆن کار لەسەر درامایەک دەکات، کە چیرۆکی بەڕێوەبەری کاری یاریزانانی تۆپی پێ لە بەریتانیا دەکات.
رۆناڵدۆ لە رێگای کارە درامییەکەوە بەناوی 'Day 1s'، کە درامایەکی تەلەڤیزیۆنییە و باسی نهێنییە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی بەڕێوەبەری کاری یاریزانان و چۆنیەتی ئەنجامدانی گواستنەوەکان دەکات، بۆ یەکەمجار وەک ئەکتەر و بەرهەمهێنەر بەشداری دەکات.
لە دراماکەدا، کریستیانۆ لەگەڵ تێری هێنری ئەفسانەی فەرەنسی بەیەکدەگەن و ئەوەش دەبێتە یەکەم بەیەکگەیشتنی نێوانیان، پاش ساڵانێک لە ململانێی نێو یاریگاکان.
دراماکە، یەکەم پڕۆژەی تەلەڤیزیۆنی زەبەلاحی کۆمپانیای UR•Marv Studios دەبێت کە رۆناڵدۆ بەهاوبەشی لەگەڵ ماتیۆ فۆنی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری بەناوبانگی بەریتانی دروستیکردووە.
کاری وێنەگرتنی دراماکە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستیپێکردووە، لەگەڵ وێنەگرتنی چەندین دیمەنی وەرزشی و تەکتیکی لە یاریگای بارنت لە باکووری رۆژئاوای شارەکە.
بەپێچەوانەی دراما کلاسیکییەکانی دیکەوە کە فۆکەسیان لەسەر یارییەکانی نێو یاریگاکانە، دراماکەی رۆناڵدۆ دەچێتە نێو وردەکاریی دانوستاندن و بەڕێوەبردنی گرێبەستی یاریزانان و گوشاری سیاسی و بازرگانیی، لە چواردەوری ئەستێرەکانی تۆپی پێ.
رۆڵی سەرەکی لە دراماکەدا بە دامیان لویسی ئەکتەری بەناوبانگی بەریتانی دراوە، کە پاڵەوانی سەرەکییە و زۆرینەی رووداوەکان لەچواردەوری ئەو کەسایەتییە دەسووڕێنەوە کە ناوی ستانلی دالتۆن دەبێت لە دراماکەدا.
لە دراماکەدا هەروەها راپەری بەریتانی دیڤ بەشداری دەکات، لەگەڵ ژمارەیەک ئەکتەری دیکەی بەناوبانگ.
تاوەکو ئێستا دیار نییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دراماکەدا چ رۆڵێک دەگێڕێت، بەڵام بەشداریکردنی لە زنجیرەکانی دراماکەدا، یەکلایی کراوەتەوە.




