رووداو دیجیتال
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان خولێکی یاریی تۆپی پێ تایبەت بە کارمەندان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر کرایەوە.
خولەکە بە سەرپەرشتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لەژێر دروشمی رێزگرتن لە شەهیدانی بەرگری شارستانی بوو، یارییەکانی خولەکە بە بەشداریی 32 تیپ ماوەی مانگێکی خایاند، یارییەکان شەوان لە یاریگەی شەش یاریزانی خۆشناو بوو.
دوایین یاریی بەئامادەبوونی لیوای مافپەروەر یادگار ئەنوەر فەرەج، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگری شارستانی هەرێم لەنێوان تیپی هەڵگورد و مەولەی بەڕێوەچوو، کوڕانی هەڵگورد یارییەکە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
مقەدەم سەرکەوت کارەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بۆ ئێمە هاندەرێکی زۆر باشە و دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ بنەماڵەی شەهیدانمان و ئەفسەرانمان کە رێز لە ماندووبوونیانە، چونکە فەرمانگەکەی ئێمە فەرمانگەیەکی خزمەتگوزارییە و ئێمە گیانی خۆمان لەپێناو سەلامەتی سەر و ماڵ و گیانی هاووڵاتیان بەخت دەکەین، دەستخۆشی لە رێکخەرانی خولەکە دەکەم و هیوادارم ئەو جۆرە خولانە ساڵانە رێکبخرێت وەک هاندەرێک بۆ ئەو فەرمانگانەی کە خزمەت دەکەن".
هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکییە وەرزشییەدا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سنووری شاری هەولێر لە چەند شوێنێک رووداوی ئاگر کەوتنەوەی گەورە هەن، هێزەکانی پۆلیسی بەرگری شارستانی هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکان.




