رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا کۆتایی بەو مشتومڕە گەورەیە هێنا کە سەبارەت بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین حاڵەتەکانی ناوبژیوانی لە وەرزی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروووپا دروستبوو.
یوفا رێنمایی تووندی ئاراستەی ناوبژیوانان کردووە کە لەمەودوا هەر دەستلێدانێکی تۆپ لەلایەن یاریزانەوە لە ناو ناوچەی سزای خۆیدا، دەبێت وەک 'لێدانی سزا' هەژمار بکرێت، ئەمەش وەک دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ دەبینرێت کە بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دووچاری ناحەقی بووە.
چیرۆکی ئەو شەوەی کامپ نو هەژا
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێنماییە نوێیە وەک بیرهێنانەوەیەک دێت بۆ ئەو حاڵەتە پڕ لە مشتومڕەی یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2025-2026 لەنێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید. لەو یارییەدا، مارک پوبیڵ، بەرگریکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە ناو ناوچەی سزای خۆیاندا بەدەستی راستی تۆپەکەی گرت دوای ئەوەی خوان موسۆی گۆڵپارێز تۆپەکەی بۆ پاسدا.
سەرەڕای روونی حاڵەتەکە، نە ئیستیڤان کۆڤاکسی ناوبژیوانی هەنگاری و نە کریستیان دینگێرتی ئەڵمانی لە ژووری VAR، هیچ بڕیارێکیان نەدا. ئێستا یوفا دەڵێت ئەم خاڵەی یاسای تۆپی پێ پێویستی بەهیچ لێکدانەوەیەک نییە و دەبێت راستەوخۆ لێدانی سزا هەژمار بکرێت.
فلیک و سیمیۆنی؛ لۆژیک بەرامبەر یاسا
لەو شەودا کە بارسێلۆنا بەئەنجامی 2-0 دۆڕا، هانزی فلیکی راهێنەر زۆر تووڕە بوو و گوتی "تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ رێک بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە دانراوە، دەبوو لێدانی سزا و کارتی سووری لێبکەوێتەوە"، بەڵام لە بەرامبەردا دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرگری لە بڕیارەکە کرد و گوتی "ناوبژیوان بە لۆژیک مامەڵەی کرد نەک بە دەقی یاساکە". ئێستا یوفا بەم بڕیارە نوێیەی، لۆژیکەکەی سیمیۆنی رەتدەکاتەوە و جەخت لە جێبەجێکردنی یاسا دەکاتەوە.
جیاوازی لە نێوان لەندەن و بارسێلۆنا
کێشەی گەورەی یوفا لەگەڵ ئەم جۆرە حاڵەتانەدا، جیاوازیی بڕیارەکان بوو. لەکاتێکدا لە یاریی کڵەب برۆج و ئاستۆن ڤێلادا لێدانی سزا بۆ حاڵەتێکی هاوشێوە هەژمارکرا، بەڵام لە یاریی ئارسیناڵ و بایرن میونشن و دواتریش بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید، ناوبژیوانان چاویان پۆشی، ئەمەش وایکرد یوفا بەفەرمی دەستوەردان بکات.
ئاتلێتیکۆ مەدرید؛ پاڵەوانی مشتومڕەکان
ئەمە دووەم هاوینە لەسەریەک ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتە لایەنێکی سەرەکی لە حاڵەتە گوماناوییەکانی چامپیۆنزلیگ. پێشتریش لە قۆناخی 16ـی وەرزی 2024-2025، گۆڵێکی جولیان ئەلڤارێز لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بەرامبەر ریال مەدرید رەتکرایەوە بەهۆی ئەوەی دووجار قاچی لە تۆپەکە دابوو. دوای چەند مانگێک، یوفا بڕیاریدا کە لە حاڵەتێکی وەهادا دەبێت لێدانەکە دووبارە بکرێتەوە، نەک گۆڵەکە رەتبکرێتەوە، ئەمەش جارێکی دیکە ئەوە دەسەلمێنێت کە زۆربەی بڕیارە مێژووییەکانی یوفا دوای زیانلێکەوتنی یانە گەورەکان دەردەچن.




