رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بە پەیامێکی کاریگەر ماڵئاوایی لە خۆرخی مێسی باوکی کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەم کۆچەوە گومانی لە داهاتووی خۆی لە جیهانی تۆپی پێدا بۆ دروستبووە.
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، تاوەکو ئێستا بڕوا ناکات باوکی کۆچی دوایی کردووە و خەیاڵکردنی ژیان بەبێ بینینی ئەو بۆی زۆر قورسە. مێسی ئاشکرای کردووە باوکی داوای لێکردووە بەشداری لە دوایین مۆندیالدا بکات، بەڵام رێک پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە باری تەندروستی باوکی تێکچووە، ئەمەش وایکردووە بۆ یەکەمجار نەتوانێت لە نزیکەوە بینەری یارییەکانی کوڕەکەی بێت.
مێسی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت "پێم دەگۆتی دەگەینە یاری کۆتایی تاوەکو بتوانی گەشت بکەیت و بێیت". ئەو باسی لەوە کردووە دوای هەر یارییەک بیری نامەکانی باوکی کردووە و هەموو هەوڵێکی داوە تاوەکو تیپەکە بگەیێنێتە دوورترین خاڵ بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بە باوکی بدات بۆ چاکبوونەوە، بەڵام لە یاری کۆتاییدا جەستەی هیلاک بووە و نەیتوانیوە وەک پێویست بێت. لیۆ دەڵێت "نەمانتوانی ببینە پاڵەوان، بەڵام تۆ لەسەر حەق بووی کە دەبێت ئامادەبم و یاری بکەم".
ئەو یاریزانە باسی لەوە کردووە باوکی بۆ ئەو هەمیشە وەک راهێنەر، هاوڕێ و بەڕێوبەری کارەکانی بووە و لە منداڵییەوە پاڵپشتی یەکەمی بووە. مێسی نووسیویەتی "نازانم بەبێ تۆ چۆن بەردەوام بم، تەنیا بۆ تۆ یاریم دەکرد و ئێستا گومانم هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامبم لە یاریکردن". لە کۆتاییدا بەڵێنی داوە منداڵەکانی بەو شێوەیە پەروەردە بکات کە باوکی ئەو و خوشک و براکانی پێ پەروەردە کردووە.
خۆرخی مێسی لە سەرەتای کاروانی وەرزشی کوڕەکەیدا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گواستنەوەی لیۆنێل بۆ ئەورووپا و واژۆکردنی یەکەم گرێبەستی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، لەو کاتەوە تاوەکو کۆچی دوایی وەک سێبەر و بەڕێوبەری کارەکانی لەگەڵ کوڕەکەیدا مابووەوە.




