رووداو دیجیتاڵ
جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی، بۆ جاری سێیەم دەگەڕێتەوە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی هیلالی سعوودی گەیشتە رێککەوتن بۆ
هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی 'ESPN'ی راگەیاندووە، کانسێلۆی تەمەن 32 ساڵ وەک یاریزانێکی ئازاد پەیوەندی بە بارسێلۆناوە دەکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی یاریزانەکە پێشتر دوو جار بە خواستن لە وەرزەکانی 2023-2024 و وەرزی رابردووش لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە یاریی کردووە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، کانسێلۆ لە کۆتایی وەرزی رابردووەوە بە روونی بە کارگێڕی بارسای راگەیاندبوو کە دەیەوێت بە هەمیشەیی بگەڕێتەوە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو. ئەم خەونەی یاریزانەکە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بوو بە راستی، کاتێک توانی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی رێکبکەوێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێشوەختەی گرێبەستەکەی، کە لە ساڵی 2024ـەوە پەیوەندی پێوە کردبوون.
ئەمە دەبێتە سێیەم جار کانسێلۆ واژۆ بۆ بارسا دەکات، بەڵام ئەمەیان جیاوازە و یەکەمجارە بە گرێبەستێکی هەمیشەیی دەبێتە یاریزانی بلاوگرانا.
کانسێلۆ کە لە مانگی یەکی رابردوودا بۆ جاری دووەم گەڕایەوە بارسا، رۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و ناوی چووە مێژووەوە؛ ئەو بووە یەکەم یاریزان لەم سەدەیەدا کە بتوانێت نازناوی چوار خول لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا بەدەستبهێنێت.




