رووداو - هەولێر
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە چەند کاژێری داهاتوودا هەنگاوی خێرا بنێت بەمەبەستی گواستنەوەی ڤیکتۆر یوکێرێش، هێرشبەری سوێدی و یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی فێران تۆرێس کە پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کردووە.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، پشت بە زانیارییەکانی بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆ و خۆسێ ئەلڤارێزی رۆژنامەنووس دەبەستێت و رایگەیاندووە، بارسێلۆنا دەیەوێت رای یاریزانە سوێدییەکە وەربگرێت و گفتوگۆ سەرەتاییەکان بۆ گواستنەوەی دەستپێبکات.
هەرچەندە جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هێشتا ئامانجی یەکەم و گەورەی بارسێلۆنایە، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە پلانی Bـی ئامادە کردووە و ئەگەر لە گواستنەوەی ئەلڤارێزدا بەرەوپێشچوون نەبوو، ئەوا راستەوخۆ کار لەسەر یوکێرێش دەکات.
ڤیکتۆر یوکێرێش وەرزی رابردوو لەگەڵ ئارسیناڵ لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا 21 گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام ئەم ژمارانە نەبوونە هۆی رەواندنەوەی گومانەکان لەسەر ئاستی، چونکە یاریزانە سوێدییەکە نەیتوانی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی گۆڵ تۆمارکردن کە لەگەڵ
سپۆرتینگ لیسبۆن هەیبوو، لە خولی ئینگلیزیشدا نیشانی بدات.
هەرچەندە ئارسیناڵ بڕی 70 ملیۆن یۆرۆی بۆ کڕینی خەرج کردووە، بەڵام لە هەندێک قۆناخدا پێگەی خۆی وەک یاریزانی سەرەکی لەدەستدابوو. بەڵگەی ئەوەش کە میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ گومانی لە تواناکانی یوکێرێش هەیە، ئەوەیە کە یانە
لەندەنییەکە هەوڵێکی زۆری دا جولیان ئەلڤارێز بگوازێتەوە، بەڵام یاریزانە ئەرجەنتینییەکە رەتیکردەوە بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ و تەنیا دەیەوێت لە بارسێلۆنا یاری بکات.




