رووداو - هەولێر
جوزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالیی یانەی ریال مەدرید، ئەندازیاری هێڵی ناوەڕاستیی تیپەکەی دۆزییەوە و ئیدی بێرناردۆ سیلڤا دەبێتە مێشکە نوێیەکەی مەدرید.
سپێيشەڵ وەن، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە رووبەڕووی گەورەترین ئاڵۆزی بووەتەوە، ئەویش گەڕانە بەدوای ناوەڕاستکارێکی داهێنەردا کە بتوانێت جێگەی تۆنی کرووس پڕ بکاتەوە، بەڵام ئێستا ناچارە ئەو چارەسەرە لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بدۆزێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، رۆدری باشترین بژاردە بوو کە زۆریش لە سانتیاگۆ بێرنابیۆوە نزیک بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەو یاریزانە بڕیاریدا پشت لە مەدرید بکات و بەرەو بارسێلۆنا بڕوات، مۆرینیۆ بەبێ ئەو 'پارچە سەرەکییە' مایەوە کە خەونی پێوە دەبینی.
کارگێڕیی مەدرید دەرگای خەرجییەکانی داخست
دوای شکستی گرێبەستی رۆدری، کارگێڕیی ریال مەدرید پەیامێکی روونیان ئاراستەی جۆزێ مۆرینیۆ کردووە؛ هیچ گرێبەستێکی نوێ ئەنجام نادرێت مەگەر یاریزانێک لە یانەکە بڕوات. یانەکە پێیوایە کوالیتی یاریزانانی ئێستای هێڵی ناوەڕاست بەسە بۆ رکابەریکردن.
پلانی مۆرینیۆ و رۆڵی بێرناردۆ سیلڤا
مۆرینیۆ لە یارییە دۆستانەکاندا بەپلانی 4-2-3-1 تاقیکردنەوەی کردووە. لەکاتێکدا پێگەی 'ناوەڕاستی بەرگریکار' بۆ یەکێک لە هەریەک لە چوامینی، کاماڤینگا یان ڤاڵڤێردی پارێزراوە، کێشەی سەرەکی لەو یاریزانەدا بوو کە یارییەکە رێکدەخات.
لێرەدا ناوی بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرە نوێیەکەی مەدرید کە لە مانچێستەر سیتییەوە هاتووە، وەک رزگارکەر دەردەکەوێت. بێرناردۆ لە یارییە دۆستانەکاندا سەلماندی کە تەنیا باڵێکی هێرشبەر نییە، بەڵکو توانایەکی بێوێنەی لە بونیاتنانی یاری لە دواوە و بەستنەوەی هێڵی بەرگری بە هێرشبەرانەوە هەیە.
هەمەجۆرییەکەی مۆرینیۆ سەرسام دەکات
بێرناردۆ سیلڤا لە وەرزی ئامادەکاریدا تەنیا لە یەک شوێن یاریی نەکردووە؛ ئەو هەم وەک یاریزانی ناوەڕاستی دروستکەر، هەم وەک باڵی راست و هەم وەک دروستکەری یاری درەوشاوەتەوە. ئەم نەرمییە وایکردووە مۆرینیۆ بڕوای تەواوی پێبێت و بڕیار بدات لە یەکەم یاریی فەرمی وەرزی نوێ بەرامبەر ئیسپانیۆل، بێرناردۆ بکاتە "عەقڵە داڕێژەرەکەی" پێکهاتەکەی، مەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراو لە مێرکاتۆدا رووبدات.




