رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی عەلی جاسم، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
یانەکە لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەکی عەلی جاسمی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "من زاخۆییم".
یانەی زاخۆ دەڵێت "ئەستێرەی مۆندیالی و هەڵبژاردەی عێراق عەلی جاسم بۆ دوو وەرز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ یانەکەمان واژۆکرد."
عەلی جاسم پێشتر لە یانەی کۆمۆی ئیتاڵی یارییکردووە و دوای ئەوەش بەخواستن چووە یانەی نەجمەی سعودی، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا رکابەرییەکی زۆر لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەنێوان هەولێر و زاخۆ هەبوو، بەڵام یانەی زاخۆ گرەوەکەی بردەوە و گرێبەستی ئەو یاریزانەی یەکلاکردەوە.
لەلایەن خۆیەوە ماهر فالح، بەڕێوەبەری کارەکانی عەلی جاسم، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، روونکردنەوەیەکی لەبارەی پەیوەندیکردنی یاریزانەکە بە یانەی زاخۆوە بڵاوکردەوە و دەڵێت "هیوادارم رێز لە مافی سرووشتی یاریزانەکە بگیرێت".
بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک روونکردنەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "پێویستە روونکردنەوە بدەم لەبارەی ئەو قسانەی لەبارەی داهاتووی عەلی جاسمەوە بڵاودەکرێنەوە."
ماهر فالح زیاتر نووسیوویەتی "گفتوگۆیەکی رێزدرانەمان لەگەڵ کارگێڕیی یانەی هەولێر هەبوو، بەڵام گفتوگۆکانمان نەگەیشتنە ئەنجام و هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی نەکرا و بەشێوەیەکی راستەوخۆ و روون بۆ کارگێڕیی یانەی هەولێر روونکرایەوە کە گفتوگۆ کۆتاییهاتووە. دوای ئەوە عەلی هەڵسەنگاندنی بۆ هەموو ئەو بژاردانە کرد کە لەبەردەستن و لە بەرژەوەندی ئەون لەرووی هونەری و وەرزشییە و بە گونجاویان دەزانێت بۆ داهاتووی خۆی.
بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "عەلی جاسم، رێزێکی زۆر لە یانەی هەولێر، کارگێڕی و هاندەرانی ئەو یانەیە دەگرێت و هیچ هەڵوێستێکی نەشیاوی بەرامبەر هیچ لایەک نەبووە، بۆیە هیوادارین ناوی یاریزانەکە نەکەوێتە نێو هیچ ناکۆکییەکی یان هەستیارییەکدا و رێز لە مافی سرووشی ئەو بگیرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وەرزشیی خۆی."
ئەم قسانەی بەڕێوەبەری کارەکانی عەلی جاسم، لەکاتێکدایە کە یاریزانەکە لە زاخۆیە و پەیوەندیی بەو یانەیەوە کرد، لەکاتێکدا زۆر نزیکبوو بچێتە یانەی هەولێر، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوان هەردوولادا نەکرا و گرێبەستەکە ئەنجام نەدرا.



