رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کولتوور و گەشتوگوزاری پارێزگای ترابزۆن رایگەیاند چوونی هێرشبەری ناوداری میسری، محەممەد سەڵاح بۆ یانەی ترابزۆنسپۆر، چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی نوێی گەشتیاران بۆ ئەو شارە رابکێشێت، کە دەکەوێتە سەر دەریای رەش.
تامەر ئەردۆغان، بەڕێوەبەری کولتوور و گەشتوگوزاری پارێزگای ترابزۆن رایگەیاند، گرێبەستکردن لەگەڵ ئەم یاریزانە جیهانییەدا سەرنجی جیهانی بۆ شارەکە راکێشاوە.
ترابزۆن ساڵی رابردوو پێشوازی لە 1.45 ملیۆن گەشتیار کردبوو، کە 808 هەزاریان گەشتیاری بیانی بوون.
بەڕێوەبەری کولتوور و گەشتوگوزاری پارێزگای ترابزۆن ئاماژەی بەوە کرد کە پەخشکردنی یارییەکانی ترابزۆنسپۆر لە 40 وڵاتدا سەرنجی گەشتیارانی زیاتر رادەکێشێت و گوتی: "لە ساڵی 2025دا پێشوازیمان لە 7 هەزار و 125 گەشتیاری میسری کردبوو. لە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی 2026دا 3 هەزار و 170 گەشتیاری میسری هاتوونەتە شارەکەمان."
ئەم ژمارەیە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 14٪ زیادی کردووە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ راکێشانی گەشتیارانی میسر، لە 5ی ئابەوە گەشتە ئاسمانییەکانی راستەوخۆ لەنێوان قاهیرە و ترابزۆن دەستی پێکردووە.
بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری ئەو شارەش جەختیان کردەوە، کە ئامادەکارییەکانیان فراوانتر دەکەن بۆ راکێشانی گەشتیاران لە باکووری ئەفریقا.
یانەی ترابزۆنسپۆر یەکێکە لە یانە بەهێزەکانی خولی سوپەرلیگی تورکیا و نوێنەرایەتیی هەرێمی دەریای رەش دەکات.
گواستنەوەی ئەستێرەی جیهانی محەممەد سەڵاح بۆ ئەم یانەیە، وەک یەکێک لە گەورەترین رووداوە وەرزشییەکان بۆ یانەکە دەبینرێت کە وەرزش بە دیپلۆماسیی گەشتوگوزار و ئابووریی ناوچەکەوە دەبەستێتەوە، تاوەکو سەرنجی وڵاتانی عەرەبی و گەشتیارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەم شارە زیاتر بکەن.



