رووداو دیجیتاڵ
عەلی شاهین، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی دیلۆکی باکووری کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەرازیل دڵنیابووەتەوە لەوەی رۆبێرتۆ کارلۆس، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل بووەتە موسڵمان.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی کە ئێستا لە بەرازیلە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە:"لە ناوەندی کۆمەڵەی خێرخوازیی لاوانی ئیسلامیی بەرازیل، لەگەڵ شێخ جیهاد حەمادە کۆبووینەوە، کە نیشتەجێی شاری ساوپاولۆی بەرازیلە و وەک یەکێک لە 500 کەسایەتییە هەرە کاریگەرەکانی ئیسلام دادەنرێ. شێخ جیهاد حەمادە مژدەی ئەوەی پێداین کە رۆبێرتۆ کارلۆس، یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی بەرازیل و جیهان، چوار هەفتە لەمەوبەر سەردانی کردووە و موسڵمان بووە".
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان، رۆبێرتۆ کارلۆس تەمموزی ئەم ساڵ ئاهەنگی هاوژینی لەگەڵ سوهەیلا تاهیری، ژنە بازرگانی مەغریبی-لوبنانی سازکرد.
وێنەکانی ئاهەنگی هاوژینییەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە.
ئاهەنگەکە بەپێی نەریتی ئیسلام و بە ئامادەبوونی شێخێک بەڕێوەچوو. لەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، تاهیری بە سەرپۆشەوە لە کاتی ئاهەنگەکەدا دەبینرێ.
تاهیری لە رێی کارەکەیەوە لە بواری بەڕێوەبردنی کارەکانی یاریزاناندا، لە کەرتی وەرزشدا چالاکە.
کارلۆسی تەمەن 53 ساڵ، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی ریال مەدرید خاوەن کاروانێکی وەرزشیی پڕ لە دەستکەوتە، بەتایبەتی کە توانی خۆی وەک یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی باڵی چەپ لە مێژووی تۆپی پێدا تۆمار بکات.
کارلۆس لە ساڵانی 2007-2010 یاریی بۆ یانەی فەنەرباخچەی تورکیا کرد و لە وەرزی 2013-2014 راهێنەری یانەی سێواز سپۆر بوو.
هەر ئەمەش بووەتە هۆکار کە میدیای تورکیا بایەخی زۆر بە هەواڵەکە بدەن.




