رووداو دیجیتاڵ
مێرخانا حەجی، کچە کوردی رۆژئاوای کوردستان لە پاڵەوانێتییەکی جیهانیدا بۆ یارییەکانی هێزی جەستەیی دەستکەوتێکی مێژوویی بەدەستهێنا و چوار مەدالیای بردەوە (سێ زێڕ و یەک زیو).
مێرخانا حەجی، تەمەن 16 ساڵ، لەو پاڵەوانێتییەدا،کە لە 18 تاوەکو 29ـی8ـی2026 لە شاری سەن سیتی لە ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو، وەک نوێنەری سووریا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەش کرد و هەمووانی شۆک کرد.
مێرخانا حەجی لە کێشی 57 کیلۆگرام و لە ئاستی تازەپێگەیشتووان بەشداریی کرد و توانی بەکۆکردنەوەی 392.5 کیلۆگرام، پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی کۆی گشتی بەدەستبهێنێت، بەمەش پێش کارۆلینا کۆسیتسکای پۆڵەندی کەوت کە 355 کیلۆگرامی کۆکردبووەوە.
مێرخانا حەجی توانی میدالیای زێڕ لە یاری سکوات بەدەستبێنێت، دوای ئەوەی توانی180 کیلۆگرام بەرزبکاتەوە (کە باشترین ریکۆردە لە تەمەنی خۆیدا).
ئەو کچە کوردە پاڵەوانە هەروەها لە یاریی دێدلیفت دا بەبەرزکردنەوەی 157.5 کیلۆگرام، میدالیای زێڕی بردەوە.
مێرخانا میدالیای سێیەمی زێڕینی لە کۆی گشتی کێبڕکێکان Total بەدەستهێنا. جگە لەوەش میدالیایەکی زیوی لە یاریی بێنچ پرێس بەدەستهێنا، بە بەرزکردنەوەی 55 کیلۆگرام.
لە کۆبانێوە بۆ رەققە
مێرخانا حەجی خەڵکی شاری کۆبانێیە لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری رەققە نیشتەجێیە. ئەو لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بەم وەرزشە کردووە. لەساڵی 2023 پلەی دووەمی لەسەر ئاستی سووریا بەدەستهێنا و دواتر بووە پاڵەوانی وڵاتەکە. هەروەها لە ساڵی 2025 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، پلەی یەکەمی لە جامی رۆژئاوای ئاسیا بۆ هێزی جەستەیی بەدەستهێنا.


