رووداو دیجیتاڵ
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، هەوڵدەدات گرێبەستێکی چاوەڕواننەکراو بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری تیپە کەتەلۆنییەکە لەم هاوینەدا واژۆ بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، دیکۆ پلانی هەیە گرێبەست لەگەڵ گۆنچالۆ ئیناسیۆ، بەرگریکاری یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن بکات، لە کاتێکدا ئێستا هەموو سەرنجەکان لە بازاڕی گواستنەوەکاندا بەرەو کڕینی هێرشبەرێکی سەرەکییە.
ئەم بەرگریکارە چەپەی لیسبۆن، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە گەڕی سێیەمی خولی پۆرتوگال بەرامبەر یانەی ئالفرکا لەسەر کورسیی یەدەگ دانیشت بەبڕیاری راهێنەر رۆی بۆرجیس، ئەم بڕیارەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رۆشتنی ئەگەریی یاریزانەکە لێکدرایەوە.
لە رۆژانی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە یاریزانەکە بچێتە یانەی میلان، بەتایبەتی بەهۆی بوونی روبێن ئامۆریمی راهێنەر، کە رۆڵی هەبووە لە درەوشانەوەی ئەم یاریزانە تەمەن 24 ساڵانەیەدا، ئەمەش وایکرد ئەو بژاردەیە بەهێز بێت، بەڵام میدیای پۆرتوگالی ئەو ئەگەرەیان بەدوور نەزانی کە بارسێلۆنا ئەو تیپە بێت کە هەوڵی گواستنەوەی دەدات، تەنانەت کەناڵی 'ناو کانال'ـی تەلەڤزیۆنی جەختی لەوە کردەوە کە لەوانەیە گرێبەستەکە زۆر نزیک بێت.
گرێبەستەکەی ئیناسیۆ مەرجی هەڵوەشاندنەوەی تێدایە بەبڕی 60 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەمە بڕێکە بارسێلۆنا دەتوانێت دابینی بکات، هەرچەندە لیسبۆن پێی باش نییە بیفرۆشێت دوای ئەوەی لەم هاوینەدا دەستبەرداری هیولماند بوو بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید و عوسمان دیۆماندێ بۆ نۆتینگهام فۆرێست، بەڵام دانیشتنی کاپتنی تیپەکە لەسەر کورسیی یەدەگ لە یاریی کۆتاییدا، لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ گۆڕانکاری لە پلانی یانە پۆرتوگالییەکەدا.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە دیکۆ ئەم هەفتەیە لە لیسبۆن بووە بەبێ ئەوەی هۆکاری سەردانەکەی روون بێت، لەکاتێکدا لە سەرەتادا ناوی بە لویس سوارێزی کۆڵۆمبییەوە بەسترابووەوە، بەڵام بارسێلۆنا بیری لە گواستنەوەی ئەو هێرشبەرەی لیسبۆن نەکردووەتەوە.
ئەم ستراتیژییەی دیکۆ لەگەڵ ئارەزووی بارسێلۆنا دەگونجێت بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێکی دیکەی باڵی چەپ، لەبەر نادیاری ئایندەی باڵدێ؛ چونکە گرێبەستکردن لەگەڵ ئیناسیۆ رێگە بە جێرارد مارتن دەدات لە پۆستی بەرگریکاری باڵی چەپ یاری بکات و ببێتە رکابەرێک بۆ جواو کانسێۆ لەو شوێنەدا.
جگە لەمانە، کاپتنەکەی لیسبۆن لە تەمەنی 24 ساڵیدا خاوەنی ئەزموون و لێهاتووییەکی بەرزە، و لەلایەن رۆبێرتۆ مارتینێزەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی پۆرتوگال کرابوو بۆ مۆندیالی 2026.



