رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی دووەمی لالیگا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بە پێنج گۆڵی بێوەڵام لە یانەی ئێڵچی بردەوە، بەمەش زەنگێکی
مەترسیداری بۆ هەموو ئەورووپا و بەتایبەت ریال مەدرید لێدا.
لە یارییەکدا کە لەسەر یاریگای ئێڵچی بەڕێوەچوو، کوڕانی هانزی فلیک لە یەکەم خولەکەکانەوە باڵادەستی خۆیان پێشاندا. لە خولەکی 14دا، رافینیا لە رێگەی لێدانیڤ سزاوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و دەرگای گۆڵبارانەکەی واڵا کرد.
پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم و لە خولەکی 3+45دا، کەریم ئادێمی، ئەستێرە نوێیەکەی بلاوگرانا، گۆڵی دووەمی یانە کەتەلۆنییەکەی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی دوو هێندە کرد.
لە گێمی دووەمدا باڵادەستی بارسا بەردەوام بوو؛ رافینیا لە خولەکی 67 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بارسای تۆمارکرد. دواتر نۆرەی فێرمین لۆپێز هات، کە لە خولەکی 71دا بە ئەسیستێکی ئانتۆنی گۆردۆنی یاریزانی نوێوە، گۆڵی چوارەمی هەژاند، پێش ئەوەی هەر خۆی لە خولەکی 79دا گۆڵی پێنجەم و کۆتایی یارییەکە تۆمار بکات.
بارسێلۆنا بەم پێنج گۆڵە، وەڵامێکی تووندی ریال مەدریدی دایەوە کە پێشتر بە زەحمەت و بە ئەنجامی 2-1 لە ئیسپانیۆلی بردبووەوە. تیپەکەی هانزی فلیک بەم ئاستە بەرزە، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی لالیگا پێشاندا.



