رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیی ئیسپانی، ئەمڕۆ دووشەممە، ناوەڕۆکی گفتوگۆیەکی تایبەتی نێوان جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، رهێنەری ریال مەدرید و ئەستێرەی تیپەکە، ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی ئاشکراکرد.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە تەنیا بە بەرگریکردن لە ڤینیسیۆس بە ئاشکرا دوای یارییەکەی ئیسپانیۆل لە لالیگا نەوەستایەوە، بەڵکو بەتەنیاش قسەی لەگەڵدا کردووە بۆ ئەوەی پەیامێکی روونی پێ بگەیەنێت.
ئەو ئەستێرە بەرازیلییەی کە ریال مەدرید بەم دواییانە گرێبەستەکەی نوێ کردەوە، لەم قۆناخە نوێیەدا تازە دەستی بە کارکردن لەگەڵ مۆرینیۆ کردووە، بەڵام پێشتر دەزانێت کە راهێنەرەکە وەک قەڵخانێکی پارێزەر لە تەنیشتی وەستاوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ڤینیسیۆس باشترین ئاستی خۆی پێشکەش نەکرد؛ چونکە زۆر سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رکابەرەکانی بوو و کارتێکی زەردیشی وەرگرت، لە کۆتاییدا کەوتە ناو شێوازێکی رەفتارکردن کە مۆرینیۆ دەیەوێت یارمەتی بدات کۆنترۆڵی بکات، بەڵام ئاستە نزمەکەی، هەڵسەنگاندنی راهێنەرەکە ناگۆڕێت، بەتایبەت تەنیا دوای یەک یاری.
سپێشەڵ وەن درک بەوە دەکات کە ڤینیسیۆس پێویستی بە هەستکردن بە پاڵپشتی هەیە، لەکاتێکدا جارێکی دیکە کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.
ئەو فیکە و سووکایەتییانەی لە کاتی یارییەکەی ئیسپانیۆلدا ئاراستەی کران بەردەوام بوون، راهێنەریش نەیویست هەلی بەرگریکردن لە یاریزانەکەی بەئاشکرا لەدەست بدات.
مۆرینیۆ دوای یارییەکە گوتی "ڤینی فریشتە نییە، بەڵام ئەوەی بەرامبەری دەکرێت زیادەڕوویی تێدایە". تەنانەت زیاتریش رۆیشت و سەرکۆنەی ئەو دۆخەی کرد کە بە گوتەی ئەو، بەرامبەر یاریزانە بەرازیلییەکە دووبارە دەبێتەوە و گوتی "ئەمە بووەتە شێوازێکی دووبارە لای رکابەرەکان. سەرەتا من هەڵەیەکی بەرامبەر دەکەم، پاشان تۆ هەڵەیەکی بەرامبەر دەکەیت؛ پاشان من
هەڵەیەکی دیکەی بەرامبەر دەکەم و تۆش یەکێکی دیکە. ئەگەر من کارتێکی زەرد وەربگرم، تۆ هەڵەکەی بۆ تەواو دەکەیت. من بە کارتێکی زەردەوە لە یاریگا دەچمە دەرەوە و یاریزانێکی دیکە بێ کارت دێتە ناوەوە و هەمان کار دەکاتەوە. ئەمە بۆ یاریزانەکە زۆر
بێزارکەرە".
هەروەها مۆرینیۆ باسی لە 'چەوسانەوە و بێزارکردن' کرد لەلایەن هاندەران و رکابەرەکانەوە "ئێمە لە سەردەمێکی کۆمەڵایەتیدا دەژین کە دژی بێزارکردن و چەوسانەوەیە، بەڵام سەبارەت بە ڤینی، هێشتا بەدەست بێزارکردنی رکابەران و هاندەرانەوە دەناڵێنین".
ئەم بەرگرییە تەنیا بۆ پاساوهێنانەوە نەبوو بۆ هەموو کارەکانی ڤینیسیۆس. مۆرینیۆ دەزانێت کە پێویستە ڤینیش کۆنترۆڵی هەڵچوونەکانی بکات و رێگە نەدات سووکایەتییەکانی رکابەرەکان مێشکی لە یارییەکە دووربخەنەوە، بەڵام داواکردنی باشتربوونی لەم
لایەنەوە شتێکە، و گومانکردن لە گرنگیی ئەو لەناو تیپەکەدا شتێکی تەواو جیاوازە.
مۆرینیۆ هیچ گومانێکی لە تواناکانی ڤینیسیۆس نییە، و ویستوویەتی یاریزانەکە بەنهێنییش بەمە بزانێت.
دوای ئەو رەخنانەی بەدوای یاریی یەکەمی خولەکەدا هاتن، راهێنەرەکە لەگەڵ ڤینیسیۆس قسەی کردووە بۆ ئەوەی دڵنیای بکاتەوە و متمانە بەخۆبوونی بۆ بگەڕێنێتەوە، پێیگوتووە کە لەگەڵیدایە و هەمیشە ئاوا دەمێنێتەوە.
ڤینیسیۆس کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ریال مەدرید
لای مۆرینیۆ، ڤینیسیۆس وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لەو تیپەی کە بونیادی دەنێت هەژمار دەکرێت، چونکە پێویستی بە یاریزانانێکە کە توانای گۆڕینی ئاراستەی یارییەکانیان هەبێت. ئەو جۆرە یاریزانە باڵانەی (باڵەکانی هێرشبەر) کە ناترسن لە وەرگرتنی تۆپ لە لایەکان، بڕینی بەرگریکاران، هێرشکردنە سەر بەرگریکارانی باڵ، و ناچارکردنی تەواوی هێڵی بەرگری بۆ کشانەوە بەرەو دواوە.
ڤینیسیۆس بەتەواوی لەگەڵ ئەم وەسفەدا دەگونجێت. جوڵەکانی بۆشایی بۆ ئێمباپێ، بێلینگهام و هێرشبەرەکانی دیکە دروست دەکەن. هەروەها توانای یاریکردنی لە بۆشاییە کراوەکاندا، هەر وەرگرتنەوەیەکی تۆپ دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەکی راستەقینە.
بەڵام شتێکی دیکەش هەیە کە مۆرینیۆ بەتایبەتی لەبەرچاوی دەگرێت، ئەویش: کەسایەتییە. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە ریال مەدریدێکی رکابەر، هێرشبەر و خاوەن ویستی دەوێت؛ تیپێک کە بە کەم رازی نەبێت. ئەو درک بەوە دەکات کە ڤینیسیۆس بەشێکی گەورە لەم سیفەتانە لە خۆیدا بەرجەستە دەکات. کەسایەتییەکەی، خولیای، توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و سووربوونی لەسەر یەکلاکردنەوەی یارییەکان، هەموویان ئەو خەسڵەتانەن کە مۆرینیۆ بەنیازی گەشەپێدانیانە نەک سەرکوتکردنیان.
لەبەر ئەم هۆکارە، راهێنەرەکە ئاستی ڤینیسیۆس لە یەکەم یارییدا بەجێگەی نیگەرانی نازانێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە. ئەو دەزانێت کە وەرزەکە تازە دەستی پێکردووە، و یاریزانە بەرازیلییەکە هێشتا بواری گەشەکردنی جەستەیی ماوە، و ئاستی باشتر دەبێت لەگەڵ زیادبوونی کاتی یاریکردن و متمانە بەخۆبوون و هەماهەنگی لەگەڵ هاوڕێکانیدا.
لای مۆرینیۆ، پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ڤینیسیۆس دەبێتە زیادکراوێکی گرنگ یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە تاوەکو چەند دەتوانێت پەرەی پێبدات.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لەم وەرزەدا بەدیاریکراوی بریتییە لە: بەهێزکردنی خاڵە سەرەکییەکانی یاریزانەکانی و یارمەتیدانیان بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتر. لەگەڵ ڤینیسیۆس، ئەم ئاڵنگارییە زۆر سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت.




