رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر ئەمشەو لە دووەمین یاریی ئەمساڵی لە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) رووبەڕووی یانەی کۆجائەلی سپۆر دەبێتەوە. شارەوانی لە رێگەی شاشەیەکی گەورەوە یارییەکە بەخۆڕایی دەگوازێتەوە.
دوای ئەوەی لە یەکەمین یاریی خۆیدا بە ئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر تۆمارکرد و سەرلیستی خولەکەی گرت، چاوەکان لەسەر دووەم بردنەوەی ئەو یانەیەی باکووری کوردستانن.
ئەمشەو دووشەممە 24-8-2026 کاژێر 9:30 یانەی ئامەدسپۆر لە هەفتەی دووەمی سوپەرلیگدا دەبێتە میوانی یانەی کۆجائەلی سپۆر.
لەکاتێکدا هاندەرانی ئامەدسپۆر بە جۆش و خرۆشەوە چاوەڕێی ئەو یارییەن، گەورەشارەوانیی ئامەد مژدەی ئەوەی پێدان کە لەڕێی شاشەیەکی گەورەوە یارییەکە بە شێوەی راستەوخۆ دەگوازێتەوە.
یارییەکانی سوپەرلیگ لە کەناڵی beIN Sports پەخش دەکرێن، کە سەیرکردنەکە بە هاوبەشی و ئابوونەیە، بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیان کێشەی ئەوەیان هەبوو کە لەکوێ سەیری یارییەکە بکەن. هەر بۆیە ئەو هەنگاوەی گەورەشارەوانیی ئامەد دڵخۆشی کردوون.
شاشە گەورەکە لە ناوچەی قوڵپ دادەنرێت. لەمبارەیەوە شارەوانیی قوڵپ رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان بتوانن تەماشای یارییەکانی ئامەدسپۆر بکەن ئەم هەنگاوەیان ناوە و شاشەکە لە پارکی تورگوت ئۆزال دانراوە.
شارەوانی بانگهێشتی هاندەرانی ئامەدسپۆری کردووە بۆ ئەوەی ئەمشەو پێکەوە تەماشای یاریی نێوان ئامەدسپۆر و کۆجائەلی سپۆر بکەن.
یانەی کۆجائەلی سپۆر لە یەکەم یاریی ئەم وەرزەی سوپەرلیگ بووە میوانی یانەی باشاکشەهیر و یارییەکەی بە دوو بە سفر گۆڵ پێ دۆڕاند.



