رووداو دیجیتاڵ
ململانێکان لەسەر داهاتووی جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید پێیان ناوەتە قۆناخێکی هەستیار و ئاڵۆزەوە. لە کاتێکدا یانە مەدریدییەکە سوورە لەسەر ئەوەی رێگە بە رۆیشتنی یاریزانەکە بەرەو یانەی بارسێلۆنا نەدات، هێرشبەرە لاوەکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی جگە لە پۆشینی درێسی بلاوگرانا لە مێشکدا نییە.
فیکەی ناڕەزایەتی و پەیوەندییەکی تێکچوو بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی، دۆخی ئەلڤارێز لە میترۆپۆلیتانۆ گەیشتووەتە بنبەست. لە یارییەکەی یەکشەممەی رابردوودا، دیمەنێکی چاوەڕواننەکراو بینرا؛ زۆرینەی هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید پێش یارییەکە و لە کاتی یارییەکەشدا
فیکەی ناڕەزایەتییان دژی ئەلڤارێز لێدا. ئەمەش وایکرد یاریزانەکە دوای یارییەکە بە تەنیا بەرەو ژووری جلگۆڕین بڕوات، ئەم دیمەنەش وەک هێمایەک بۆ کۆتاییهاتنی پەیوەندیی نێوان جاڵجاڵۆکە و رۆخی بلانکۆس لێکدەدرێتەوە.
جەنگێک لەنێوان مەیلی یاریزان و بڕیاری کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە سەرۆکایەتی ئێنریکی سیرێزۆ و میگێل ئەنخێل خیل، شانبەشانی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەر، هێڵە سوورەکانیان دیاری کردووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەلڤارێز بدەنە بارسێلۆنا و تەنیا دەرگایان بۆ یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی کردووەتەوە. بەڵام ئەلڤارێز بە هەموو شێوەیەک دەستەوارەی یانە ئینگلیزییەکەی رەتکردووەتەوە و چاوی تەنیا لەسەر هەرێمی کەتەلۆنیایە.
ئاماژەیەکی روون لە تیکتۆکەوە ئەلڤارێز بە ئاشکرا پەیامەکانی خۆی ئاراستەی بارسێلۆنا دەکات. دوێنێ یاریزانەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تیکتۆک، لایکی
ڤیدیۆیەکی کرد کە تێیدا وێنەیەکی خۆی بە درێسی بارسێلۆناوە بڵاوکراوەتەوە و ئاهەنگی سپایدەرمان دەگێڕێت. ئەم هەڵوێستە وەک راگەیاندنی جەنگ دژی کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ دەبینرێت، بەتایبەت کە یاریزانەکە پێیوایە یانەکەی پابەندی ئەو بەڵێنە نەبووە کە لە مانگی 2 پێیان دابوو، کە رێگەی پێدەدەن بۆ هەر شوێنێک بیەوێت بڕوات ئەگەر نرخەکەی گونجاو بێت.
بارسێلۆنا هەموو هێلکەکان دەخاتە یەک سەبەتەوە لەلایەکی دیکەشەوە، هانزی فلیک و دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، جولیان ئەلڤارێز وەک پارچە وێڵبووەکەی پێکهاتەکەیان دەبینن. یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاریداوە تاوەکو دوایین خولەکی بازاڕی گواستنەوە چاوەڕێی ئەم هێرشبەرە بکات، تەنانەت ئەگەر ئەمە مەترسی ئەوەشی هەبێت کە نەتوانن هیچ هێرشبەرێکی دیکە بۆ شوێنی ژمارە 9 بگوازنەوە.




