رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ جارێکی دیکە هەنگاوی نایەوە نێو دیواری ڤاڵدێبیباس و گەڕایەوە سەر کورسیی راهێنەرایەتی ریال مەدرید بە یەک ئامانج؛ گەڕاندنەوەی رۆحی سەرکەوتن بۆ تیپێک کە دوو وەرزی لەسەریەک لە سەکۆی نازناوەکان دوورکەوتووەتەوە.
گەڕانەوەی سپێشەڵ وەن بێدەنگ نەبوو، بەڵکو پڕبوو لە بڕیاری تەکنیکی بوێرانە و پێکهاتەیەکی سەرەکی، کە هێشتا لە قۆناخی دروستبووندایە و هەڕەشەی دوورخستنەوەی ناوی گەورە لە تیپی یەکەم دەکات.
هەرچەندە هێشتا سیمای پێکهاتەی کۆتایی بەتەواوی روون نییە، بەڵام ئاماژە سەرەتاییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە شۆڕشەکە دەستی پێکردووە. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە خولی دووەمی کارکردنی بەبێ پشتبەستن بە دوو گرێبەست دەستپێکرد کە چاوەڕوان دەکرا کۆڵەکەی سەرەکی بن، ئەوانیش: مارک کوکورێیا و یان دیۆماندی کۆتدیڤواری. ئەمەش واتای ئەوەیە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر لیستی ئەو یاریزانانەدا دێت کە دوایین یاریی هەفتەی رابردوویان ئەنجامدا.
هێڵی ناوەڕاست گەورەترین مشتومڕە لە مەدرید
مۆرینیۆ لە یەکەم دەرکەوتنیدا پشتی بە دووانەی بێرناردۆ سیلڤا و فیدی ڤاڵڤێردی بەست وەک دوو یاریزانی ناوەڕاستی بەرگریکار، جود بێلینگهامیش لە بەردەمیان وەک دروستکەری یاریی دانا کە پێگەکەی تا راددەیەکی زۆر مسۆگەرە. لە بەرامبەردا ئاردا گولەری تورکی لە باڵی راست یارییکرد، کە ئەم شوێنە بەربژێری یەکەمە ببێتە قوربانیی گەیشتنی دیۆماندی.
شێوەی کۆتایی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید چۆن دەبێت؟
ئەم دۆسێیە لە بەرنامەی بەناوبانگی ئێل لارجێرۆ لە رادیۆی کادینا سێر تەقییەوە. راول روێز، رۆژنامەنووس بەڕاشکاوی پرسیاری کرد "کاتێک چوامینی ئامادەیی تەواوی بۆ دەگەڕێتەوە.. مۆرینیۆ کێ دەکاتە قوربانی؟ بێرناردۆ سیلڤا دووردەخاتەوە یان ئاردا گولەر؟"
وەڵامەکە لە دڵی ئەنجوومەنی دێرینەکانی ریال مەدریدەوە هات کە بژاردەیەک لە ئەستێرەکانی پێشووی تێدایە. رافا ئالکۆرتای شرۆڤەکار دووپاتیکردەوە کە ڤاڵڤێردی بەگونجاو نابینێت بۆ ئەو رۆڵە.
ئالکۆرتا گوتی "نایبینم ڤاڵڤێردی لەوێ یاری بکات، چونکە بڕوام نییە ئەو یاریزانی چەق بێت. ئەوەمان لە یەکێک لەو هێرشانەدا بینی کە بووە هۆی گۆڵی ئیسپانیۆل. ئەمە بەو واتایە نییە کە چوامینی دەیتوانی رێگری لە گۆڵەکە بکات، بەڵام ڤاڵڤێردی بێگومان یاریزانی چەق 'بەرگریکاری ناوەڕاست' نییە. چالاکترین یاریزان کە هەوڵی بەستنەوەی یارییەکە دەدات بێرناردۆ سیلڤایە".
روێز دووبارە پرسیاری لەسەر چارەنووسی ئەستێرە ئۆرۆگواییەکە کرد "ئایا هێشتا شوێن بۆ ڤاڵڤێردی لەم تیپەدا ماوە، جا لە ناوەڕاست بێت یان لە باڵی ڕاست؟ زۆر سەرسام دەبم ئەگەر ڤاڵڤێردی وەک یاریزانی سەرەکی دەستپێنەکات"، بەڵام بڕیارە تەکنیکییەکانی مۆرینیۆ لەوانەیە بەزەییان نەبێت. ئەگەر راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لەسەر دووانەی بێرناردۆ سیلڤا و چوامینی لە قوڵایی یاریگادا جێگیر بێت، و دیۆماندیش لە باڵی راست دابنێت، ئەوا ڤاڵڤێردی و گولەر خۆیان لەبەردەم مەترسییەکی راستەقینەی لەدەستدانی پێگەکەیان لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبیننەوە.
ئالکۆرتا روونیکردەوە کە ڤاڵڤێردی "هێشتا لە شێوازی یاریکردنی هاوسەنگ تێنەگەیشتووە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو شوێنە پێویستی بە وەرگرتنەوەی تۆپ و راکردن و گوشاری بەردەوام هەیە، کە لەوانەیە چوامینی لەم ئەرکانەدا یەکلاکەرەوەتر بێت لە ڤاڵڤێردی.
کیکۆ نارفایزی شرۆڤەکار هاوڕای بوو و گوتی "ئەمە ئەرکی راهێنەرە، تیپێک و کەسایەتییەکی هەیە کە وایلێدەکات کاتی گونجاو بۆ هەر یاریزانێک هەڵبژێرێت. لەگەڵ رافا هاوڕام سەبارەت بە ڤاڵڤێردی؛ ئەو هێشتا لەم شێوازە تێنەگەیشتووە، چونکە بژاردەی هێرشبەری زۆری هەیە کە لە لایەکەوە بۆ لایەکی دیکە دەجوڵێن، ئەمەش وای لێدەکات شوێنی خۆی ون بکات".
لەنێوان زۆریی بژاردەکان و ئاڵۆزیی تاکتیکە نوێیەکەدا، وا دیارە فیدی ڤاڵڤێردی، کە یەکێکە لە پڕکێشترین و جەنگاوەرترین یاریزانەکانی وەرزەکانی دوایی، لەوانەیە ببێتە گەورەترین دۆڕاو لە شۆڕشی دووەمی مۆرینیۆدا کە تازە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەستی پێکردووە.




