رووداو دیجیتاڵ یانەی گازی باکوور توانی ئەنجامێکی مێژوویی لە میانی یارییەکانی گەڕی 3ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی بەرامبەر یانەی جەوییە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتاییهات. یارییەکە لەسەر یاریگای شەڕار حەیدەر ئەنجامدرا، یاریزان رەزا فازڵ لە نیوەی یەکەمدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی گازی باکوور تۆمار کرد و یانەکەی پێشخست. یانەی جەوییە تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، سەرەنجام لە خولەکی 82 سەعد عەبدولئەمیر بە لێدانێکی سەری نایاب توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ یانە شینپۆشەکە تۆمار بکات و تیپەکەی لە شکستێکی چاوەڕواننەکراو رزگار بکات. بەم یەکسانبوونە، یانەی قووە جەوییە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 3 خاڵ و لە پلەی 12ـی ریزبەندییەکە جێگیر بوو، یانەی گازی باکووریش بە کۆکردنەوەی 2 خاڵ لە پلەی 15ـی خولەکەدا دێت.