رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دووەم یاریی خۆی لە رکابەرییەکانی لالیگادا ئەنجامدەدات و جۆزێ مۆرینیۆ دەڵێت "بەلای منەوە گرنگترین شت پاڵپشتیکردنی تیپەکەیە".
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی یەکەمی خولی ئیسپانیا، ئەمشەو کاژێر 22:00 یانەی ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی ریال سۆسیداد دەکات، یانەکە دوای ئەوەی لە ئیسپانیۆلی بردەوە چاوی لەوەیە سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت.
ئەم یارییە دەبێتە یەکەم یاریی مۆرینیۆ لەنێو هاندەرانی ریال مەدرید، دوای ئەوەی جارێکی دیکە پەیوەندیی بەو تیپەوە کردەوە.
پێش ئەنجامدانی یارییەکە، جۆزێ مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ئەوەی لە یاریزانەکان چاوەڕێی دەکەم ئەوەیە کە هەمان برسیێتییان بۆ بردنەوە هەبێت، هەمان مامەڵە، هەمان خۆڕاگری، هەمان هێز و لە هەمان کاتدا ئەو هێمنییەیان هەبێت کە بتوانن رووبەڕووی یارییەکی سەخت ببنەوە بەرامبەر تیپێکی بەهێز."
مۆرینیۆ لەبارەی گەڕانەوەی بۆ بێرنابیۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "نامەوێت هاندەرانی بێرنابیۆ بە شێوازێکی تایبەت پێشوازیم لێ بکەن. دەمەوێت هاندەرانی بێرنابیۆ وەک تیپی خۆیان و وەک عەشق و شەیدایی خۆیان پێشوازی لە تیپەکە بکەن. وەرزی رابردوو بە باشی کۆتایی نەهات، رەنگە وابەدیار کەوتبێت کە ئەو خۆشەویستییە بە قۆناخێکی سەختدا تێپەڕ بووە. ئەوەی من دەمەوێت ئەوەیە کە هەموومان لە سفرەوە دەست پێ بکەینەوە."
لەبارەی ڤینیسیۆس جونیۆر و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، جۆزێ گوتی "رێک وەک چۆن منداڵە بچووکەکان تاوەکو ئەو شوێنەی رێگەیان پێ دەدەیت سنوورەکان دەبەزێنن، یاریزانانی ناو یاریگاش بە هەمان شێوەن. ئەگەر بتوانن توندوتیژی بەرامبەر ڤینی بکەن، ئەگەر بتوانن لە رووی جەستەیی و زارەکییەوە بیخەنە ژێر گوشارەوە، ئەگەر تەنیا دوای ئەنجامدانی دە فاوڵ کارتێکی زەرد وەربگرن، ئەگەر بتوانن لە شەڕانگێزی نزیک ببنەوە، ئەوا دەیکەن. دیارە ئەمە جۆرە مامەڵەیەکە کە من حەزی پێ ناکەم.
مۆرینیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "رەنگە ئەوە یاریزانەکان بن کە دەمپارێزن، ئەو کەسانەی لێرە کار دەکەن کە دەمپارێزن لە لایەنە تاریکەکەی کەسایەتیم. رەنگە هەر ئەوان بن کە پارێزگاریم لێ دەکەن. بەڵام من بەم شێوەیە هەست بە باشی دەکەم."



