رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئەیوب بوعەدی، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی مەغریب و یانەی لیلی فەرەنسیی بۆ یانەکەی راگەیاند.
یانەی مانچێستەر سیتی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا گواستنەوەی یاریزانەکەی راگەیاند و بوعەدی وەکو یاریزانی نوێی ئەو یانەیە بە میدیاکان ناسێنرا.
گرێبەستی یاریزانەکە بۆ یانە ئینگلیزییەکە 95 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت و 5 ملیۆن یۆرۆ وەکو گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەدا جێگەی دەکرێتەوە و تاوەکو ساڵی 2031 دەبێت.
ناوەڕاستکارە مەغریبییەکە لە مانچێستەر سیتی تاوەکو 2031 گرێبەستی کردووە.
دوای پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە ئەیوب بوعەدی، گوتی "چەندین ساڵە شوێنکەوتەی مانچێستەر سیتیم و شێوازی یارییکردنی ئەو تیپەم خۆشدەوێت، ئەوان هەمیشە هەوڵدەدەن تۆپی پێیەکی سەردەمیانە بکەن و لە ئاستێکی بەرزدا دەربکەون، سەلماندوویانە تیپێکی بەهێزن و سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، هەستدەکەیت ئەم یانەیە بۆ بردنەوە دروستکراوە."
یاریزانە نوێیەکەی مانچێستەر سیتی دەڵێت "تیپەکە یاریزانی ئاستبەرزی هەیە، ئێنزۆ مارێسکا راهێنەرێکی نایابە و بەپەرۆشم بۆ ئەوەی لە یاریگای ئیتیحاد یاریی بکەم".
ناوەڕاستکارە مەغریبییەکە هێشتا قسەیکرد و گوتی "مانچێستەر سیتی بەلای منەوە باشترین یانەیە لە جیهاندا، ئەمە خەونێکە کە لێرەم و دەتوانم بەخۆم بڵێم، یاریزانی مانچێستەر سیتیم. هێشتا زۆرم لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی زیاتر گەشەبکەم، من تەمەنم تەنیا 18 ساڵە و دڵخۆشم بەو پێشکەوتنەی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوەش دەزانم دەرفەتی زۆرم لەپێشە بۆ گەشەکردن، بۆیە ئێرە بۆ من شوێنێکی نموونەییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."
یاریزانە مەغریبیەکە دەڵێت "ئامانجی سەرەکی من ئەوەیە هاوکاریی تیپەکە بکەم و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی یانەکەدا هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ."




