رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەفت لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا میوانداریی یانەی دهۆکی کرد و یارییەکە بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات، بەمەش دهۆک نەیتوانی پارێزگاری لە پێشکەوتنەکەی بکات و دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا.
لەسەر یاریگەی شەڕار حەیدەر لە شاری بەغدا، یانەی نەفت میوانداریی یانەی دهۆکی کرد. لەگەڵ دەستپێکی یارییەکەدا ئاستی هەردوو تیپ مامناوەند بوو، تاوەکو لە خولەکی 23ـدا یونس حەمود بە ئەسیستێکی جوانی رەزا ماجی، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی دهۆک تۆمار کرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا هێرشەکانی هەردوولا چڕتر بوونەوە، بەتایبەت لەلایەن یاریزانانی نەفت کە هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیان دەدا. گوشارەکانی یانەی نەفت لە خولەکی 84ـدا بەرهەمی هەبوو، کاتێک محەممەد عەدنان تۆپێکی جوانی ناردە ناوچەی سزا و حوسام جادەڵا توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ نەفت تۆمار بکات و یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات.
بەو ئەنجامە یانەی نەفت کۆی خاڵەکانی گەیاندە 5 خاڵ و لە پلەی 3ـیەمی ریزبەندییەکە دێت، یانەی دهۆکیش بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ لە پلەی 14ـەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.
دهۆک لەم وەرزەدا لە سێ یاریی یەکەمیدا تەنیا 3 خاڵی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا نەفت تاوەکو ئێستا تووشی هیچ شکستێک نەبووە.



