رووداو دیجیتاڵ
بە درەوشانەوەی کیلیان ئێمباپێ و تۆمارکردنی هاتریک، یانەی ریال مەدرید سەرکەوتنێکی گەورەی لە نێو یاریگا و لەبەردەم هاندەرانی بەدەستهێنا و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە.
شەوی چوارشەممە، لە یارییەکی دواخراوی گەڕی یەکەمی خولی ئیسپانیا، سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری رووبەڕووبوونەوەی شاهانەکان و سۆسیدادی کرد. ئەستێرەی یەکەمی شەو کیلیان ئێمباپێ بوو کە سێ گۆڵی تۆمارکرد و یانەکەی بەرەو سەرکەوتنێکی گرنگ برد.
گێمی یەکەم.. ململانێ و یەکسانبوون یارییەکە بە وریایی هەردوولا دەستیپێکرد. لە خولەکی 11دا، ئۆیارزابال نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵی پێشەنگ بۆ میوانەکان، بەڵام تیبۆ کۆرتوا بە ئاستە بەرزەکەی رێگری لێکرد. ریال مەدرید لە رێگەی ڤینیسیۆس و ئێمباپێوە چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی سۆسیداد، تاوەکو لە خولەکی 40دا ئێمباپێ دوای وەرگرتنی پاسێکی ڤاڵڤێردی، بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
خۆشیی مەدریدییەکان زۆری نەخایاند، چونکە لە خولەکی 44دا لوکا سوچیچ توانی گۆڵی یەکسانبوونەوە بۆ سۆسیداد تۆماربکات و نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات.
گێمی دووەم.. زەبری کوشندەی ئێمباپێ و ڤینیسیۆس لە گێمی دووەمدا، کوڕانی مۆرینیۆ بە گوڕوتینێکی زیاتر گەڕانەوە. لە خولەکی 59دا، ئێمباپێ گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد. دوای ئەوە و لە خولەکی 68دا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر بە هاوکاری جود بێلینگهام گۆڵی سێیەمی بۆ ریال مەدرید زیادکرد.
ئەمە کۆتایی نمایشەکە نەبوو، چونکە لە خولەکی 80دا ئێمباپێ جارێکی دیکە دەرکەوتەوە و دوای پاسێکی جوانی ڤینیسیۆس، گۆڵی سێیەمی خۆی هاتریک و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد، بەوەش کۆتایی بە هیوای میوانەکان هێنا.
ڤار رێگری لە گۆڵی پێنجەمی ریال کرد لە خولەکی 90دا، براهیم دیازی یەدەگ توانی گۆڵی پێنجەم تۆمار بکات، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤار (VAR)، ناوبژیوان گۆڵەکەی بەهۆی هەبوونی ئۆفساید هەڵوەشاندەوە، یارییەکە بە ئەنجامی (4-1) لە بەرژەوەندی سپیپۆشەکان کۆتایی هات.
بەو سەرکەوتنە، ریال مەدرید سێ خاڵی گرنگی خستە سەر هەژماری خۆی و ئێمباپێش جارێکی دیکە سەلماندیەوە کە کلیلە سەرەکییەکەی پێکهاتەی مۆرینیۆیە بۆ ئەم وەرزە.



