رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەیەوێت سوود لە ناکۆکییەکانی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا وەربگرێت، بۆ ئەوەی جولیان ئەلڤارێز بباتە ریزەکانی، بەڵام میدیای ئیسپانی دەڵێت: ئەو یاریزانە ناچێتە ئارسیناڵ."
ئارسیناڵ پێیوایە ئەم ناکۆکییانەی نێوان هەردوو یانە هەلێکن بۆ ئەوەی سوود لە تواناکانی یاریزانەکە وەربگرێت و هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی چڕبکاتەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت "ئارسیناڵ هێشتا بەهیوایە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەلڤارێز بکات، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکە پارەی زۆر تێدەچێت ئەگەر ئەنجامبدرێت و دەگاتە نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام بەربەستی سەرەکی لەنێوان هەردوولادا پارە نییە، بەڵکو متمانەی ئەو یاریزانەیە بە گەڕانەوە بۆ پرێمەرلیگ".
ئەلڤارێز لە ئیسپانیا هەست بە ئاسوودەیی دەکات و پێیوایە لە دۆخێکی ئارامدا دەژیت، بەڵام یاریزانەکە نایەوێت بگەڕێتەوە ئینگلتەرا، سەرەڕای ئەو ئەزموونەی پێشتر لە مانچێستەر سیتی هەیبوو.
ئارسیناڵ لەسەر دوو لایەن کاردەکات، بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە بکات و متمانەی بۆ دروستبکات پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
پڕۆژی وەرزشی؛ یانەی ئارسیناڵ خاوەنی تیپێکی بەهێزە و توانای رکابەریکردنی هەیە لەسەر بردنەوەی هەموو نازناوەکان، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو پرێمەرلیگی بردەوە و بووە خاوەنی پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگ، هەروەها سەرکەوتنەکانی میکێل ئارتێتا وەکو راهێنەرێکی سەرکەوتوو و مامەڵەی باشی لەگەڵ یاریزانەکان.
ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات و دەیەوێت لە قۆناخی داهاتوودا لە ئارامیدا یاریی بکات، بەتایبەت کە لە دوای چەند یارییەکی لالیگا بەتەواوی پشتگوێخراوە.
دەستەوارەی دارایی؛ یانەی ئارسیناڵ لەڕووی داراییەوە هیچ کێشەیەکی نییە و دەتوانێت وەکو یەکێک لە باشترین یاریزانەکان لەڕووی داراییەوە ئەلڤارێز بباتە ریزەکانی و مووچەیەکی زۆریشی بۆ دابین بکات، بەڵام ئەو یاریزانە چاوی لە یارییکردنە بۆ بارسێلۆنا.
ئەمە لەکاتێکدایە، ناکۆکیی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا بەردەوامە و میگێل ئانخێل خیل مارین، بەڕێوەبەری گشتیی ئاتلێتیکۆ مەدرید هێرشیکردووەتە سەر بارسێلۆنا و دەڵێت "قێزەونە".
ئاتلێتیکۆ مەدرید زیاتر لە جارێک دووپاتیکردووەتەوە کە نایەوێت ئەو یاریزانە بفرۆشێتە بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا بە ئاشکرا ویستی خۆی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشاندا.



