رووداو دیجیتاڵ
یەکەی مەشق و راهێنانەکانی یانەی ریال مەدرید، ئەمڕۆ شەممە، وەک ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی مالاگا، کە بڕیارە سبەی یەکشەممە لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی خولی ئیسپانیا ئەنجام بدرێت، گەواهیدەری دوورکەوتنەوەی چەند یاریزانێکی پێکراو بوو.
لیستی ئەو یاریزانانەی ناتوانن بەشداری لەو یارییەدا بکەن، پێکهاتووە لە: ئێدێر میلیتاو، فێرلان مێندی، راول ئاسێنسیۆ، ئۆریلیان چوامینی، تیاگۆ بیتارچ، رۆدریگۆ و ئێندریک.
ئەو حەوت یاریزانە بەردەوامن لەسەر بەرنامە تایبەتەکانی چاکبوونەوەیان. هەریەک لە ئێدێر میلیتاو و ئێندریک لە یاریگایەکی تەنیشت یاریگای سەرەکی مەشقەکانەوە مەشقیان کرد، کە تێیدا چەندین راهێنانی جەستەیی جۆراوجۆریان ئەنجامدا پێش ئەوەی دەست بە مەشقکردن بە تۆپ بکەن.
سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی چوامینی، ئارانشا رۆدریگێز، رۆژنامەنووسی رادیۆی کۆپیی ئیسپانیا گوتی "مۆرینیۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر بابەتەکەی بە باشی روونکردەوە. چوامینی دەیەوێت ئێستا یاری بکات، بەڵام دەستەی تەکنیکی پێیان باشترە بەتەواوی چاک ببێتەوە. هەروەها دەمەوێت ئەوە وەبیر بهێنمەوە کە ئەو لە سەرەتای هاویندا گرێبەستەکەی نوێکردەوە".
ریال مەدرید سبەی یەکشەممە لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی مالاگا دەکات لە گەڕی سێیەمی خولی ئیسپانی، ئەمەش دوای ئەوەی لە دوو یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر ئیسپانیۆل 2-1 و ریال سۆسیداد 4-1 بەدەستهێنابوو.




