رووداو دیجیتال
لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی زاخۆ تاقیکردنەوەیەکی قورسی هەیە، دوور لە یاریگە و هاندەرانی یاریی لەگەڵ یانەی زەورا دەکات.
یارییەکە کاژێر 21:00ـی ئەمشەو لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی زەورا لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت، یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ سەرەڕای کۆکردنەوەی ئەستێرە گەورەکانی وەک ئاکام هاشم، عەلی جاسم، مستەفا سەعدون، شێرکۆ کەریم و ئەمجەد عەتوان لەگەڵ شێرزوود تیمیرۆڤی ئەستێرەی ئۆزبەکستانی و گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولەکە، هێشتا ئاستی بەدڵی هاندەرانی نییە و تیپەکە بردنەوەیەک، دۆڕانێک و یەکسانبوونێکی هەیە.
کوڕانی خابوور بەرامبەر تیپێک یاریی دەکەن جەنەڕاڵ باسم قاسم سەرکردایەتی دەکات و ئەمساڵ بۆ نازناوەکە دەجەنگێت، نەورەسەکانی بەغدا نایانەوێت بەئاسانی یارییەکە بدۆڕێنن و خاڵەکان ببەخشنەوە.
ئەمین یونس، سەرپەرشتیاریی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ یارییەکە کردووە و دەمانەوێت قەرەبووی ئەنجامەکانی چەند یاریی رابردوومان بکەینەوە، گۆڕانکاریی زۆرمان کردووە و دەمانەێت دڵی هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە و ئەمڕۆ یاریزانەکانمان بە هەستێکی زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ یارییەکە دەکەن".
دوو رۆژە زاخۆ گەشتی بەغدای کردووە، بۆ پاڵپشتی تیپەکە ژمارەیەکی زۆری هاندەر رێگایەکی دووریان بڕیوە،گەیشتوونەتە شاری بەغدا و چاوەڕواندەکرێت لە یاریگەی زەورا ببنە خاڵێکی دیکەی بەهێزی تیپەکەیان.
یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، درێس زەردەکان دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، تیپەکە بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ رکابەریی پلەکانی پێشەنگی ریزبەندیی دەکات.
ئیمپڕاتۆر رۆژی دووشەممە لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری یاریی لەگەڵ مینا دەکات، میوانەکەی هەولێر ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و ژمارەی خاڵەکانی وەک هەولێرە، ئەو یارییە بە یاریی لووتکە هەژمار دەکرێت.
یانەی نەورۆز ئەنجامەکانی خراپن و هێشتا تامی سەرکەوتنی نەکردووە و دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکی هەیە، ئەمجارە یاریگە جوانەکەی پایتەختی رۆشنبیری لە یاریی دێربی کوردستان یاریی لەگەڵ یانەی دهۆک دەکات، یارییەک بۆ هەر دوو یانەی زۆر بەبایەخەوە سەیر دەکرێت، لەبەرئەوەی خاوەن ماڵ و میوانەکەی نەیانتوانیوە چێژی سەرکەوتن ببەخشنە هەوادارنیان.
یانەی گازی باکوور میوانە نوێیەکەی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوای ئەو ئاستەبەرزەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر یانەی جەوییەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو پێشکەشیکرد و خاڵێکی بە تامی بردنەوە وەرگرت، جارێکی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا یاریی لەگەڵ یانەی جۆڵان دەکات.



