رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا گەیشتە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی ئارسیناڵ، بەمەبەستی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری (هێرشبەری سەرەڕم) لەم وەرزەدا.
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، بارسێلۆنا گواستنەوەی گابریێل جیسوسی هێرشبەری ئارسیناڵی یەکلاییکردەوە بۆ ئەوەی ببێتە بژاردەی سەرەکی لە هێڵی هێرشبەریدا، ئەمەش دوای ئەوەی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز بەهۆی رەتکردنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە ئەستەم بوو.
گرێبەستی هێرشبەرە بەرازیلییەکە لەگەڵ ئارسیناڵ لەساڵی 2027 کۆتایی دێت، بۆیە یانە کەتەلۆنییەکە ئەو یاریزانەی هەڵبژاردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هێرشبەرییەی کە بەهۆی رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندییەوە دروست بووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کەمبوونەوەی رۆڵی جیسوس لەگەڵ پاڵەوانی ئێستای پرێمەرلیگ، بەهۆی بوونی کای هاڤێرتز و ڤیکتۆر یوکێرێش لەپێش ئەوەوە، وای لێکردووە بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێت بۆ رۆیشتن.
ئەم یاریزانە بەرازیلییە لەو کاتەوەی لە یانەی پاڵمێراس بووە و پێش ئەوەی لە ساڵی 2016 بچێتە خولی ئینگلیزی، هەمیشە خەونی بە یاریکردن بۆ بارسێلۆنا بینیوە، هەر زوو رازیبووە درێسی یانە کەتەلۆنییەکە بپۆشێت.
بارسێلۆنا ئاگاداری بارودۆخی پزیشکیی گابریێل جیسوس بووە دوای ئەوەی لە کانوونی دووەمی 2025 تووشی پچڕانی بەستەری خاچی ACL بوو لە ئەژنۆی چەپیدا، بەڵام ئێستا بەتەواوی چاکبووەتەوە.
هەروەها ئامارەکانی گۆڵ تۆمارکردنی جیسوس جێی گومان نین؛ لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2022 لەژێر سەرپەرشتی بێپ گواردیۆلادا 95 گۆڵی لە 236 یاری بۆ مانچێستەر سیتی تۆمارکردووە، هەروەها 33 گۆڵیشی لە 123 یاری بۆ ئارسیناڵ لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2026 تۆمارکردووە.
جێی ئاماژەیە کە هەوڵی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی گابریێل جیسوس رێگر نابێت لە گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە داهاتوودا، چونکە هێشتا یانەکە گرنگی بە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەدات، بەڵام ئەوە بۆ ماوەیەکی دیکەی گواستنەوەکان دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن "جیسوس سبەی پشکنینی پزیشکی ئەنجام دەدات، ئارسیناڵ بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ وەک بڕی سەرەکی وەردەگرێت، لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەک بەرامبەر گواستنەوەی هەمیشەیی جیسۆس بۆ بارسێلۆنا".
هەروەها دەڵێن "گابریێل جیسوس دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە ئارسیناڵ، گەشت دەکات بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، کە ماوەی گرێبەستەکەی دوو ساڵە لەگەڵ بارسێلۆنا، لەگەڵ بوونی مەرجی درێژکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکە و تاوەکو ساڵی 2029".




