رووداو دیجیتاڵ
خوان بریندێسی، پسپۆری دەروونناسی هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین، باسی لەو گوشارانە کردووە کە جولیان ئەلڤارێزی ئەستێرەی هەڵبژاردەکە تێیدا دەژی، بەهۆی کێشەی نەچوونی بۆ یانەی بارسێلۆنا.
ئەلڤارێز لە کاتی مۆندیالدا رایگەیاند دەیەوێت لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بڕوات، یانەی بارسێلۆنا بەئاشکرا ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە ئاشکراکرد، دەستەوارەشی پێشکێشکرد، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید رەتیکردەوە.
بریندێسی ئاشکرایکردووە، نادیاریی چارەنووسی ئەو هێرشبەرە لەگەڵ یانەکەی گوشاری لەسەر ئەو دروستکردووە. دووپاتیکردووەتەوە، ویستی چوون بۆ بارسێلۆنا، ویستێکی نوێ نییە لای ئەلڤارێز.
پسپۆرەکە دەڵێ، ماوەی گواستنەوەی یاریزانان، قورساییەکی زۆر لەسەر یاریزانان دروستدەکات، یەکێکە لەو قۆناخانەی کە تێیدا یاریزانان دەکەونە ژێر گوشار و دڵەڕاوکەی گەورەوە، ئەمە جیا لەو کاتانەی کە یاریزان دووچاری پێکان دەبێت.
ئەو روونیکردووەتەوە کە دۆخی ئەلڤارێز بەهۆی پەیوەستبوونی بەداهاتووی ئەو یاریزانەوە، هەستیارترینی تەمەنیەتی.
بریندێسی هەروەها دەڵێ، دوو سات هەیە کە یاریزان تێیدا دەکەوێتە ژێر ئەوپەڕی گوشار و شڵەژانی دەروونییەوە، یەکەمیان ئەو کاتەی دووچاری پێکان دەبێت، دووەمیان ئەوکاتەی ماوەی گواستنەوە دەگاتە رۆژەکانی کۆتایی.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە بەرامبەر ویستی هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە رایگەیاندووە، رێگا بەڕۆیشتنی نادات بۆ بارسێلۆنا و داوای لێکردووە، لە کارکردن و هاوکاریکردنی تیپەکەی بەردەوام بێت.
بریندێسی ئاشکرایکردووە، پاش پشکنینی دەروونی، دەرکەوتووە ئەو یاریزانە دووچاری خەمۆکی بووە، ئەوەش هۆکاربووە بۆ ئەوەی لە دوایین یاریی ئاتلێتیکۆ بەرامبەر سێڤییا یاریی نەکات.
ئەو دەڵێ، کاتێک یاریزان دووچاری خەمۆکی دەبێت لە گەرمەی دانوستاندندا، بابەتەکە جیاوازە و دەبێ بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بریندێسی بیرۆکەی سزادانی ئەلڤارێز بەهۆی ویستی بۆچوونە یانەیەکی دیکە رەتدەکاتەوە و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو لە منداڵییەوە، خەونی بەیارییکردن بۆ بارسێلۆناوە بینیوە و بڕیارەکە نوێ نییە.
لە کۆتاییشدا دەڵێ، ویستی ئەلڤارێز بۆ بارسا، حەزێکی کاتی نییە، مێژوویەکی درێژی لە ناخی یاریزانەکەدا هەیە.




