رووداو دیجیتاڵ
دادگای ئیسپانیا، بێتاوان ناساندنی راول ئاسێنسیۆی بەرگریکاری یانەی ریال مەدریدی لە تۆمەتی، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سێکسی راگەیاند.
پێشتر، ئاسێنسیۆ و سێ یاریزانی دیکەی ئەکادیمیای ریال مەدرید لە ساڵی 2023دا تۆمەتبارکرابوون بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سێکسی دوو کچی خوار تەمەن 18 ساڵانە، لە کاتی سێکسکردن لەگەڵ ئەو یاریزانانە.
دۆسێیەکە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نهێنی، ئاراستەی هەریەکە لە فیران رۆیز، خوان رۆدیگێز، ئاندرێس گارسیا و راول ئاسێنسیۆ کردبوو، بەوەی ڤیدیۆی دوو کچیان لە کاتی سەرجێیدا گرتووە و دواتر بەبێ رەزامەندیی خۆیان، لە واتسئاپ بڵاویانکردووەتەوە.
ئەو دوو کچەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون، ئەمڕۆ لە دادگای لاس پاڵماس دی گراند کەناریا، لێخۆشبوونی خۆیان لە هەرچوار تۆمەتبارەکە راگەیاند. ئەو لێخۆشبوونە رێگای بۆ داواکاری گشتی خۆشکرد، تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نهێنیی لەسەر تۆمەتبارەکان لاببات.
دوای قسەکانی هەردوو کچە لاوەکە لەبەردەم دادوەر و لێخۆشبوونیان لە تۆمەتبارەکان، دادگا بڕیاری بێتاوانیی ئاسێنسیۆی دەرکرد.
ئاسێنسیۆ لە گرتە ڤیدیۆییەکان لەگەڵ کچەکاندا دەرنەکەوتووە، بەڵام یەکێک لە ڤیدیۆکانی لە رێگای واتسئاپەوە پێگەیشتووە و بەوەش تۆمەتبارکرابوو بۆ بڵاوکردنەوەی نهێنیی کەسیی کچەکان، لە کاتێکدا کچەکان رەزامەندییان لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان نەداوە و داوای سڕینەوەیان کردووە.
بێتاوان ناساندنی ئاسێنسیۆ، مانای بێتاوان ناساندنی سێ یاریزانەکەی دیکەی ریال مەدرید نییە. ئەوان رووبەڕووی تۆمەتی "سێکسی خوار 18 ساڵان" کراونەتەوە، پاشئەوەی دەرکەوت یەکێک لە کچەکان لە کاتی رووداوەکەدا، تەمەنی 16 ساڵ بووە.
پێشتر، داواکاری گشتی داوای سزای بەندکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو بۆ ئاسێنسیۆ کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دادگا بەیەکجاری دۆسێی تۆمەتبارکردنەکەی ئەوی داخست.
وێڕای بێتاوان دەرچوونی لە دۆسێی ئەو کچانەدا، ئاسێنسیۆ لەماوەی رابردوودا بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەسەرخۆشی تۆمەتبارکراوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ئەو بەرگریکارەی ریال مەدرید لە پشکنینی رۆتینی پۆلیسی باشووری گراند کەناریا دەرنەچووە و دەرکەوتووە رێژەی کهول لە خوێنیدا، چوار هێندەی رێژەی رێگاپێدراوە.
ئاسێنسیۆ ئەگەرچی سەرشێتانە ئۆتۆمبێلی لێنەخوڕیوە و هیچ کێشەیەکی دروست نەکردووە، بەڵام رێژەی کهول لە خوێنیدا بەرزبووە، هەربۆیە بە پێبژاردنی زیاتر لە 14 هەزار یۆرۆ و لێسەندنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بۆ ماوەی 8 مانگ، سزادراوە.



