رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید بۆ یەکەمجار لە وەرزی 2026-27 تامی تاڵی شکستی چەشت، دوای ئەوەی لە یارییەکی پڕ لە درامای وەرزشیدا بە گۆڵێکی بێوەڵام لەبەردەم ریال بێتیس تووشی شکست بوو.
جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە بڕیاریدا بە پێکهاتەیەکی جیاوازەوە دەرکەوێت و دێنزێل دەمفرێس، ئیبراهیما کۆناتێ و ئاردا گولەری گەڕاندەوە ناو یاریگا. هەرچەندە تیپەکەی جۆزێ مۆرینیۆ سەرەتایەکی بەهێزی هەبوو، بەڵام بێبەختی و بەهێزیی بەرگریی بێتیس رێگر بوون لەوەی ریال مەدرید پێش بکەوێت.
سێ خولەک پێش کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم، کیلیان ئێمباپێ دوو هەلی زێڕینی لەدەستدا کاتێک ناتان و مارک بارترا بە فیداکارییەکی
زۆرەوە رێگەیان نەدا ئێمباپێ پێنجەم گۆڵی وەرزەکەی تۆمار بکات، بەوەش نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا، گوشارەکانی ریال مەدرید کەمبوونەوە و بێتیس وردە وردە هاتە ناو کەش و هەوای یارییەکەوە. لە خولەکی 81دا، کاتێک تێبۆ کۆرتوا بە شێوەیەکی ناوازە رێگری لە لێدانی سەری نێڵسۆن دیۆسا کرد، بەڵام تۆپەکە گەڕایەوە بەردەم ترۆی بارۆتی یەدەگ و ئەویش تۆڕی گۆڵی هەژاند.
دوای گۆڵەکە، یارییەکە چووە نێو لوتکەی درامای تەکنەلۆژیای (VAR)؛ کارلۆس ئیسپی تەنیا چەند چرکەیەک دوای هاتنە ناوەوەی، گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد، بەڵام ڤار دڵی مەدریدییەکانی شکاند و بەهۆی ئۆفسایدێکی زۆر کەمەوە گۆڵەکەی رەتکردەوە.
لە کاتی زیادکراودا، ریال مەدرید هەلێکی دیکەی بۆ رەخسا کاتێک لێدانی سزای بۆ ئەژمارکرا دوای فاوڵێک لەسەر ڤینیسیۆس. بەڵام کیلیان ئێمباپێ لێدانە سزاکەی لەدەستدا. هەرچەندە وێنەکان دەریانخست مارک بارترا پێش لێدانەکە هاتبووە ناو ناوچەی سزا، بەڵام ناوبژیوان بڕیاری دووبارەکردنەوەی نەدا.
بەم شێوەیە ریال مەدرید یەکەم شکستی لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆ تۆمارکرد، ئێستاش مەترسی ئەوەیان لەسەرە سێ خاڵ لە دواوەی بارسێلۆنای رکابەریان بن ئەگەر کەتەلۆنییەکان لە ڤالێنسیا ببەنەوە.



