رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ پێنجەم یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و بەدوای باشترکردنی ئەنجامەکانیدا دەگەڕێت، کاتێک میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات.
دوای دوورخستنەوەی لاورێن بانید، راهێنەری فەرەنسی، تەڵاڵ بلووشی، جارێکی دیکە وەکو راهێنەری یانەی زاخۆ دەستنیشانکرا و کرایە راهێنەری یانەکە، ئەمڕۆ یەکەم یاریی ئەو راهێنەرەیە و کاژێر 18:45 یانەی زاخۆ لە یاریگای خۆی میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات.
زاخۆ لە یاریی رابردوودا تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی زەورا دۆڕا، یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی دۆخی تیپەکەی باشتر بکات و ئەنجامەکانیشی باشتر بکات.
تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری نوێی یانەی زاخۆ دەڵێت "یاریی بەرامبەر تەڵەبە دەکەینە سەرەتای گەڕانەوەی یانەی زاخۆ و هەموو هەوڵێک دەدەین یارییەک بکەین لە ئاستی ناوی زاخۆ بێت."
لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا دوای گەڕانەوەی بۆ یانەی زاخۆ، تەڵاڵ بلووشی، لەبارەی یارییەکەوە قسەیکرد و گوتی "بێگومان سوپاسی دەستەی کارگێڕی دەکەین بۆ ئەو متمانەیەی پێیان بەخشین کە لێرە لە یانەی زاخۆ ئامادە بین. ئێمە پێشتر دوو وەرزی نایابمان لەگەڵ ئەم یانەیە بەڕێکرد، هەوڵ دەدەین لەم وەرزەشدا شتێکی جیاواز و باش پێشکەش بە یانەی زاخۆ بکەین. یاریزانی باشمان هەیە، بەڵام وەک هەمووان دەزانن ئەو چوار یارییەی رابردوو کە تیپەکە ئەنجامی دا، لەو ئاستەدا نەبوو کە لە یانەی زاخۆ چاوەڕوان دەکرا. پشتیوان بەخوا لەم یارییەوە هەوڵ دەدەین بکەوینە سەر رێڕەوی راست. بێگومان یانەی تەڵەبە یانەیەکی گەورەیە، یاریزانی زۆر باش و راهێنەرێکی باشیان هەیە. ئەوان جێگیرییان هەیە و ماوەی دوو وەرزە بە هەمان ستاف و هەمان یاریزانەکانەوە کار دەکەن."
راهێنەری زاخۆ دەڵێت "پشتیوان بەخوا یارییەکە یارییەک دەبێت کە شایستە بێت بە ناوی یانەی زاخۆوە. یارییەک دەبێت کە تێیدا هەوڵ دەدەین جەماوەرەکەمان لە یاریگای خۆمان و لە نێو هاندەرانماندا دڵخۆش بکەین. راستە هەندێک کەموکوڕیمان لە پێکهاتەی تیپەکەدا هەیە، بەڵام ئەو یاریزانانەی ئامادەن لە ئاستی بەرپرسیارێتیدان و لە کاتی یارییەکەدا دەسەلمێنن. وەک هەمووان دەزانن من تەنیا چوار یەکەی مەشق و راهێنانم لەگەڵ تیپەکە ئەنجام داوە. بێگومان هەر راهێنەرێک هەوڵ دەدات بیرۆکەی نوێ لە ناو تیپەکەدا بچێنێت. هەمووان دەزانن تیپەکە یاریزانی نوێی تێدایە، هەروەها کارگێڕییەکی نوێ و ئامانجی جیاوازمان هەیە، ئەمەش پێویستی بە کاری زیاتر و یەکگرتوویی زیاتر هەیە."
تەڵاڵ بلووشی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "پەیامی من بۆ جەماوەر هەمیشە ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆحیەتی خێزانییەی کە لەگەڵ هاندەرانی زاخۆ پێی راهاتبووین. هاندەرانی زاخۆ هەمیشە ژمارە یەکن و پاڵپشتی سەرەکین بۆ هەموو شارەکە. دەبێت یەکگرتوو بین، دەبێت پێکەوە بین و پشتیوانی یەکتر بکەین. لەم قۆناخەدا زیاتر لە قۆناخەکانی رابردوو پێویستمان بە هاندەرانە. جەماوەری زاخۆ هاندەرێکی تێگەیشتوو و رۆشنبیر و دڵسۆزن. هەمووان بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێن و ئامانجیان سەرکەوتنە، بەڵام لەم کاتەدا دەبێت هەمیشە یەکگرتوو بین تاوەکو پێکەوە ئەم قۆناخە تێپەڕێنین. تیپەکە یاریزانی زۆر باشی هەیە و توانای ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ ناو کێبڕکێکان و بە ئاستێک دەربکەوێت کە شایستەی ناوی یانەی زاخۆ بێت. ئێمەش لەگەڵ یاریزانەکان کار بۆ ئەمە دەکەین و هیوادارین یارییەکەی بەرامبەر تەڵەبە یارییەکی تایبەت و جیاواز بێت."



