رووداو دیجیتاڵ
لویس فیگۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی باسی لە گرێبەستەکانی هاوینی ئەمساڵی یانەی ریال مەدرید کردووە و دووپاتیدەکاتەوە، یانەکە کاری گەورەی کردووە لە ساتێکی گونجاودا.
فیگۆ لە نوێترین چاوپێکەوتندا لەبارەی گرێبەستەکانی هاوینی ئەمساڵی ریال مەدرید دەڵێ، "پێموایە گرێبەستی زۆر باشی ئەنجامدا، ئەو یاریزانانەی هێناوە کە پێویستی پێیانە لە شوێنە گرنگەکانی وەک دڵی بەرگری، باڵی بەرگری و باڵی هێرشبەری وەک دیۆماندێ".
ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵدا وێڕای گێڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی یانەکە، گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە مارک کوکورێیا، دێنزل دۆمفرێس، براهیما کۆناتێ، یان دیۆماندێ، بێرناردۆ سێلڤا و کارلۆس ئێسپی هێنایە ریزەکانی.
فیگۆ دەڵێ، "بەشێوەیەکی گشتی، گرێبەستەکان ناوازە بوون، پاڵنەری پێویستیی تیپەکە بوو زیاتر لەوەی ناو بێت".
یاریزانەکەی پێشووی ریال مەدرید دووپاتیکردووەتەوە کە، "یانەکە دەبوو هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت، لەپێناو بەهێزکردنی ئەو پێکهاتەیەی دوو ساڵە هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە. ئەوە زۆر پێویست بوو بۆ کەشی تیپەکە، تاوەکو هاندەران پێشوازی لە وەرزی نوێ بکەن بەئومێدی زیاترەوە، هەروەها هەست بکەن پۆزەتیڤن".
لەبارەی نرخی بەرزی گواستنەوەی یاریزانانەوە، فیگۆ دەڵێ، "لە قۆناخێکدا، دەبێ رابوەستیت. راستە کارەکە پابەندە بە بودجەی یانەکانەوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە یاساکانی یاریی خاوێن و شتی دیکەش لە ئارادان، بۆیە نرخەکان زۆر بەرزن".
ئەستێرەکەی پێشووی پۆرتوگال هەروەها دەڵێ، "پێموانییە بتوانیت پارەیەکی وەک 150 ملیۆن یۆرۆ لە فرۆشتنەوەی درێسدا بەدەست بهێنیتەوە، ئەو جۆرە گرێبەستانە لە رووی وەرزشییەوە سەرکەوتوو دەبن، بەڵام لە رووی داراییەوە کارەکە ئاڵۆزە".
فیگۆ هەروەها دەڵێ، "نزیکەی 30 ساڵ بەسەر گواستنەوەی مندا تێپەڕیوە، ئەوکاتیش من پێموابوو هەندێک نرخ بەرزە و زێدەڕۆیی تێدایە، بەڵام ئێستا بازاڕەکە بەشێوەیەک گەشەی کردووە کە هەندێک نرخ زۆر شێتانەترە لەوکات".
ریال مەدرید لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا، وێڕای سێ بردنەوەی لەسەریەک و سەرەتایەکی باش، دوێنێ شەو دووچاری یەکەم شکست بوو، پاشئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ریال بێتیس دۆڕا، بەگۆڵێکی بێبەرامبەر.




