رووداو دیجیتاڵ
کارلۆس تێڤێز، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی مانچێستەر یونایتد، خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی یارییەکی ماڵئاوایی مێژوویی، کە تێیدا خەونە مەحاڵەکەی هاندەرانی تۆپی پێ دەهێنێتە دی.
تێڤێز، کە ئێستا وەک راهێنەر کاردەکات، پلانی داناوە یارییەکی گەورەی رێزلێنان لە یاریگای 'لا بۆمبۆنێرا' یاریگای تایبەتی یانەی بۆکا جونیۆرز ئەنجام بدات و تێیدا هەردوو ئەفسانەی جیهان، لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە یەک تیپدا کۆبکاتەوە.
تێڤێز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی 'ئۆڵگا' سەبارەت بەم خەونەی گوتی"لیۆ مێسی و کریستیانۆ.. دەیانهێنم. خۆم دەچم بە شوێنیاندا، ژمارەی هەردووکیانم لە واتسئاپ لایە و پارێزراوە".
ئەم ئەستێرەیە پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ هەردوو یاریزانەکە هەیە؛ لەگەڵ لیۆنێل مێسی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێکەوە بوون و بەشداریی مۆندیالەکانی 2006 و 2010 و چەندین پاڵەوانێتی کوپا ئەمریکایان کردووە. لە لایەکی دیکەوە، تێڤێز لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2009 لە مانچێستەر یونایتد یارییان کردووە، کە تێیدا نازناوی چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگیان بەدەستهێناوە.
بۆ ئەم یارییە تەنیا مێسی و رۆناڵدۆ نابن، بەڵکو تێڤێز دەیەوێت تیپی خەونەکان بۆ یاریی ماڵئاواییەکەی پێکبهێنێت، کە تێیدا هەریەکە لە ڤان دێر سار و جیانلوجی بوفۆن وەک گۆڵپارێز، ریۆ فێردیناند، نێمانیا ڤیدیچ، پاتریس ئێڤرا، کیلینی و بونۆچی لە هێڵی بەرگری، ئاندریا پیرلۆ، پۆڵ سکۆڵز و خوان رۆمان ریکێلمێ لە ناوەڕاست، وەین روونی لە هێڵی هێرشبەرییدا دەبن.
ئەم یارییە، ئەگەر تێڤێز تێیدا سەرکەوتوو بێت، دەبێتە یەکێک لە دەگمەنترین رووداوەکانی مێژووی تۆپی پێ، چونکە کۆکردنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ لە یەک کاتدا و لەسەر یەک یاریگا، ئەویش لە یاریگایەکی ئەفسانەیی وەک 'لا بۆمبۆنێرا'، ساتێکی مێژوویی دەبێت کە هەرگیز لە یاد ناکرێت.




