رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە دڵخۆشە بە رۆیشتنی هەندێک لە یاریزانەکانی و دووپاتیکردەوە کە لامین یامال بۆ یارییەکە هیچ کێشەی نییە و ئامادەیە.
لە گەڕی چوارەمی لالیگادا، بڕیارە سبەی دووشەممە یانەی بارسێلۆنا ببێتە میوانی یانەی ڤالێنسیا و یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لەسەر ئاست و ئەنجامە باشەکانی، بەتایبەتی کە ریال مەدریدی رکابەری لەم گەڕەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە ریال بێتیس دۆڕاوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا لە فلیکیان پرسی، ریال مەدرید دوێنێ دۆڕا، ئەمە زەنگی مەترسییە بۆ ئێوە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "پێموایە کاتێک تەماشای یارییەکەی دوێنێ دەکەیتەوە دەبینی کە ریال مەدرید باش یاریی کرد و هەلی زۆری هەبوو، بەڵام ئیدی تۆپی پێ بەو شێوەیەیە و ئەو جۆرە ئەنجامانە روو دەدەن".
ئەو گوتیشی "بۆ ئێمە گرنگە سەرنجمان لەسەر خۆمان بێت. دەمانەوێت بە ستایلی خۆمان یاریی بکەین".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە ئامادەیی گابریێل جیسوسی یاریزنای نوێی بارسێلۆنا، فلیک گوتی "چێژم لە بینینی و لەوەی لێیم بینی وەرگرت، بێگومان هێشتا لەوپەڕی ئامادەیی جەستەییدا نییە، بەڵام رەنگە لە گێمی دووەمدا چەند خولەکێک یاری بکات. ئەو ئامادەیە و ئاستیم بەدڵ بوو، کاتێک تۆپی لایە هێمنە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڵدا، بینینی لەگەڵماندا شتێکی باشە".
سەبارەت بە گۆڕینی کاپتنەکانی تیپەکە؟ راهێنەرە ئەڵمانییەکەیبارسێلۆنا روونیکردەوە "گۆڕانکاری نەکراوە. تەنیا دوو گۆڕانکاری روویداوە، تێر شتیگن و رۆناڵد ئاراوخۆ، کە لێرە نین. ئێریک و لامینمان هەیە، کاتێک سەیری کاریگەریی یاریزانەکان دەکەم، رافینیا و پێدری دەبینم، من دووانیان هەڵدەبژێرم و یاریزانەکانیش سێیان هەڵدەبژێرن".
سەبارەت بە بژاردەی بەشداریکردنی ژول کۆندێ وەک بەرگریکاری ناوەڕاست (دڵی بەرگری)، فلیک گوتی "ئەوەی دەتوانم دەربارەی ئەو بیڵێم ئەوەیە کە یاریزانێکی پیشەگەری ئاست بەرزە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات و خاوەن رۆحێکی رکابەری بەرزە، لەگەڵیدا قسەم کردووە سەبارەت بەئەگەری یاریکردن لە پۆستی بەرگریکاری ناوەڕاست و ئەویش ئەو پۆستەی پێ باشترە، دەمانەوێت یارمەتی بدەین بگاتە باشترین ئاستی خۆی".
هانزی فلیک، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "بژاردەی زۆرباشمان لە هەموو پێگەکاندا هەیە و بڕیار دەدەین کامەیان بۆ تیپەکە گونجاوترینە لە هەر یارییەکدا، بڕیارەکان دەکرێت بگۆڕدرێن، بەڵام ئەو بەجددی کاردەکات و هەوڵدەدات بگاتە باشترین ئاستی خۆی".
هەروەها سەبارەت بە رۆیشتنی هەندێک لە یاریزانەکانی، ئەو گوتی "بەڕاستی دڵخۆشم بۆ رۆیشتنی هەندێکیان. تیپ هەمیشە پێویستی بە گۆڕانکارییە. من و دیکۆ پێکەوە بڕیارەکانمان داوە".
راهێنەری بارسا لە کۆتایی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە کە لامین یامال هیچ کێشەیەکی نییە و گوتی "لامین بۆ یارییەکەی سبەی لەگەڵمان دەبێت".




