رووداو دیجیتاڵ
زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا نەیتوانی سەرکەوتن بەسەر یانەی تەڵەبە بەدەستبهێنێت و دوای یەکسانبوونیان بەبێ گۆڵ،
لە گەڕی 5ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی تەڵەبەی کرد. لە گێمی یەکەمدا یانەی زاخۆ ئاستێکی باشی پێشکەشکرد و چەندین هەوڵی بۆ گەیشتن بە گۆڵدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. پێش فیکەی کۆتایی گێمی یەکەم، یانەی تەڵەبە تووشی گرفت بوو، کاتێک شامۆ کارابۆی یاریزانی یانەکە لە خولەکی 45 بە کارتی سوور دەرکرا.
لە گێمی دووەمدا، سەرەڕای یاریکردنی تەڵەبە بە 10 یاریزان، تیپەکە توانی بەرگرییەکی تووند بکات و رێگە لە هێرشەکانی زاخۆ بگرێت و هەموو رێگەکانی گەیشتن بە گۆڵی داخست. پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە، یانەی زاخۆش بەرگریکاری باڵی راستی یاریزان ئۆرینۆ لە خولەکی 88 بە کارتی سوور لەدەستدا و ژمارەی یاریزانانی هەردوو تیپ لەنێو یاریگەدا یەکسانبووەوە.
یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و زاخۆ نەیتوانی سوود لە یاریگە و جەماوەرەکەی وەربگرێت و تەنیا بە خاڵێک رازی بوو. دوای ئەم یەکسانبوونە، زاخۆ کۆی خاڵەکانی گەیاندە 5 خاڵ و لە پلەی 14ـەمی ریزبەندییەکەدایە، یانەی تەڵەبەش بە 3 خاڵ لە پلەی 18ـەم دێت.




