رووداو دیجیتاڵ
فابیان رۆیزی ئەستێرەی ناوەڕاستی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەڵێ، بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر، خەونی هەموو یاریزانێکە. دووپاتیدەکاتەوە خۆی بە شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دەزانێت.
رۆیز پاشئەوەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، یەکێکبوو لە یاریزانە درەوشاوەکانی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، متمانەی بەوە هەیە کە شایستەی بردنەوەی ئەو خەڵاتەیە.
رۆیز لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ، "خەونی هەموو یاریزانێکی تۆپی پێیە، پێزانین و دانپێدانان بۆ هەوڵە کەسییەکانی هەبێت، بەرامبەر ئەوەی لە وەرزێکی دیاریکراو یان وەرزی پێشوودا بەدەستهێناوە.. من بەبەختبووم بە بردنەوەی زۆر نازناوی بەکۆمەڵ، هەروەها هەندێک نازناوی تاک، بەڵام بۆچی ئەمساڵ خەون بەوەوە نەبینم کە باڵۆندۆر ببەمەوە؟".
رۆیز هەروەها دەڵێ، "پێموایە رەوایە خەون بەوەوە ببینم کە بەمنزیکانە ئەو خەڵاتە بەدەستەوە بگرم، ئەوە دەبێتە شانازییەکی گەورە بۆ من، ئەگەر خەڵاتەکە ببەمەوە".
رۆیز لە وەرزی رابردوودا، نازناوەکانی جامی ئینتەرکۆنتێنتال، خولی فەرەنسا، چامپیۆنزلیگ و جامی سوپەری ئەورووپای لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەدەستهێناوە. ئەمە جیا لە مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاش بردنەوەی یاریی کۆتایی لە ئەرجەنتین، بەگۆڵێکی بێبەرامبەر.
ئەو یاریزانە 30 ساڵانە کە وەرزی رابردوو بەهۆی پێکانی ئەژنۆوە ماوەیەک دوورکەوتەوە، "نامەوێت تیشکم لەسەربێت و ببمە شوێنی سەرنج، بەڵام پێموایە شایستەی ئەوەم بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوەی لە وەرزی رابردوودا کردوومە، هەروەها ئەو نازناوانەی بەدەستم هێناوە، باڵۆندۆر بەدەست بهێنم".
ئەو زیاتر دەڵێ، "لەسەرئاستی تاک و کۆمەڵیش هەموو شتم بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی تاک تەنیا باڵۆندۆرم ماوە، تاوەکو دانپێدانانی هەمووان بەدەست بهێنم".
هەفتەی پێشوو، لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان رایگەیاندبوو کە یاریزانێکی یانەکەی، شایستەی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵە، ئەو گوتبووی، "یاریزانی ناوازەمان هەیە کە چامپیۆنزلیگیان بردووەتەوە، فابیان رۆیزمان هەیە کە مۆندیالی بەدەستهێناوە، لەگەڵ عوسمان دێمبێلێ کە باڵۆندۆری وەرزی رابردووی بەدەستهێناوە".
بڕیارە رۆژی 26ی مانگی دەی ئەمساڵ، خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵ بدرێتە براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکە.




