رووداو دیجیتاڵ
پێدری، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەڵێ یاریی یانەکە بەرامبەر ڤالێنسیا ئاسان نەبوو، ئەگەرچی تیپەکەی بەپێنج گۆڵی بێبەرامبەر، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
بارسێلۆنا دوێنێ لە مێستایا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر ڤالێنسیا بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر بەدەستهێنا، تیپەکە لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا مایەوە، هەروەها پەیامێکی تووندی بۆ رکابەرەکانی نارد.
پێدری لە دوای یارییەکە، باسی ئاستی تیپەکەی کردووە و دەڵێ، "هەندێک کەس بەهۆی ئەنجامەکەوە یارییەکە بەئاسان ناودەبەن، بەڵام کارەکان لێرە ئاسان نین، ئەوە یارییەک بوو بۆ پاراستنی متمانەمان بەخۆمان و بەردەوام بوون لە بەدەستهێنانی خاڵەکان".
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەموو کات خەڵک حەزدەکەن هێرشبەرەکان 40 گۆڵ تۆمار بکەن. ئێمە یاریزانی ناوازەمان هەیە کە ئەو توانایەیان هەیە، زۆر یاریزانمان هەن کە دەتوانن لە هێڵی هێرشبەریدا یاریی بکەن. ئەمساڵ کێشەی گۆڵ تۆمارکردنمان نابێت".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، باسیان لە نەگونجان و ناڕەحەتیی پێکەوە یارییکردنی پێدری و رۆدری کردووە، کە هاوینی ئەمساڵ پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد، پێدری دەڵێ، "خەڵک دەڵێن من و رۆدری لێک تێناگەین، بەڵام بەدڵخۆشی پێکەوە یاریی دەکەین، زۆر کەم روودەدات ئەو تۆپ لەدەست بدات و زۆرینەی کات هاوکاریی بەرگری دەکات".
پێدری هەروەها دەڵێ، ئێمە وردە وردە زیاتر لەیەک تێدەگەین، باشتر دەبین و لەگەڵ یارییکردنی زیاتردا لەگەڵ یەکدی، زۆر باشتر دەبین".
پێدری دووپاتیکردووەتەوە کە یانەکەی ئەمساڵ چاوی لە رکابەریکردن لەسەر سەرجەم نازناوەکان هەیە.




