رووداو دیجیتاڵ
کارلۆس تێڤێز، یەکێک لە دیارترین ئەفسانەکانی بۆکا جۆنیۆرز، هەواڵێکی خۆشی بە هاندەرانی تۆپی پێ لە جیهاندا دا و پشتڕاستی کردەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی لە یەک تیپدا کۆدەبنەوە.
کارلۆس تێڤێز دووپاتی کردەوە کە ئەم رووداوە مێژووییە لە یاریگای بەناوبانگی 'لا بۆمبۆنێرا' دەبێت.
بەگوێرەی پێگەی فووت مێرکاتۆ، لە یاریی ماڵئاوایی تێڤێز، کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2026 لە بوێنس ئایریس بەڕێوەبچێت، مێسی و کریستیانۆ لە یەک تیپدا یاری دەکەن.
هێرشبەری پێشووی بۆکا جۆنیۆرز رایگەیاند کە رەزامەندی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی وەرگرتووە بۆ ئەوەی پێکەوە لە هەمان تیپدا یاری بکەن.
ئەمە یارییەکی ناوازە دەبێت بۆ کەسێک کە ژووری جلگۆڕینی لەگەڵ هەردوو ئەفسانەکەدا بەش کردووە، چونکە تێڤێز لەگەڵ مێسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و لەگەڵ رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد یاری کردووە.
کارلۆس تێڤێز لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینی کریستیانۆ و لیۆ لە یەک تیپدا ببینم. ئەوان مەزنترین دوو یاریزانی هەموو سەردەمەکانن. پەیوەندیم پێوە کردن، بەتایبەتی کریستیانۆ. پێمگوت: کریستیانۆ، تۆ و مێسیم لە یەک تیپدا دەوێت لە یاری ماڵئاواییمدا، تاوەکو هەموو جیهان بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە بینەری ئەم سیحرە بێت".
لە کۆتاییدا گوتی "رۆناڵدۆ گوتی کە لەوێ دەبێت. قایڵکردنی لیۆش قورس نەبوو. هەردووکیان رازی بوون، من زۆر بەپەرۆشم. ئەم یارییە زۆر کاریگەر دەبێت".




