رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی چەندین دەنگۆ سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی کەریم بنزیما، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید بۆ ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، فابریزیۆ رۆمانۆ شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ڕاستییەکانی ئاشکرا کرد و هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
دوای ئەوەی بنزیما بە فەرمی یانەی هیلالی سعودیی بەجێهێشت، پرسیارێکی زۆر لەسەر وێستگەی داهاتووی دروست بوو. رۆمانۆ لە نوێترین لێدوانیدا جەختی کردەوە کە
گەڕانەوەی ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە بۆ ئەورووپا و بەتایبەت بۆ یانەی بارسێلۆنا، لە ئارادا نییە.
یان وازهێنان یان مانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
فابریزیۆ رۆمانۆ دەڵێت "پرسیارێکی زۆر دەربارەی بنزیما هەیە، بەڵام ئەو یاریزانە نە پێشنیار کراوە بۆ بارسێلۆنا و نە بەنیازیشە بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن لە یانە ئەورووپییەکان".
ئەو رۆژنامەنووسە ئیتاڵییە زیاتر روونیکردەوە کە داهاتووی بنزیما لە نێوان دوو بژاردەدا کورت دەبێتەوە گوتی "تێگەیشتنی من وایە کە کەریم ناچێتەوە ئەورووپا؛ پلانی ئەو لە نێوان دوو رێگادایە؛ یان وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن، یان بەردەوامبوون لە
خولەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هیچ پێشبینییەک بۆ گواستنەوەی ئەو بۆ یانەیەکی ئەورووپی نییە".
بۆچی ناوی بنزیما بە بارسێلۆناوە بەسترا؟
دوای رۆیشتنی لە هیلال، ناوی بنزیما بە چەندین یانە بەسترا، بەتایبەت کە بارسێلۆنا بەدوای هێرشبەرێکی خاوەن ئەزمووندا دەگەڕا. بنزیما کە تەمەنی گەیشتووەتە 38 ساڵ، دوای ئەوەی سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری هیلال رایگەیاند کە چیدیکە لە پلانەکانیدا نییە، یانە سعودییەکەی بەجێهێشت، بەڵام ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە پەیوەندیکردنی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە دەکرد، تەنیا قسەی میدیاکان بوون و هیچ فەرمییەتێکیان نەبوو.
بە هاتنی جیسوس، بلاوگرانا پێویستی بە هێرشبەرێکی دیکەی نوێ نییە، بەمەش چیرۆکی بنزیما و بارسێلۆنا پێش دەستپێکردن کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت خاوەنی تۆپی زێڕینی 2022، بەم زووانە بڕیاری کۆتایی لەسەر وازهێنان یان یاریکردن لە یانەیەکی دیکەی ناوچەکە بدات.




