رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، کاتێک بەرامبەر یانەی دیالە یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر ئەم ئێوارەیە کاژێر 18:45 لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی دیالە یاریی دەکات و دەیەوێت درێژە بە بردنەوەکانی بدات و شوێنەکەی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی عێراق بەهێزتر بکات.
لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا، میولێن ناتان، گۆڵکاری یانەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقەکاندا کردووە و ئامادەیە بۆ ئەم یارییە.
هەریەکە لە هومام تارق و عەلا رەعد، بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە ئامادەن.
هەولێر تاوەکو ئێستا پێنج یاریی لەم وەرزەی خولەکەدا ئەنجامداوە، 3 بردنەوە و 2 یەکسانبوونی هەیە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، قەڵای زەرد بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی چووەتە پلەی دووەم و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە جارێکی دیکە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە وەربگرێتەوە.
یانەی دیالە لە یەکەم یاریی وەرزدا لە تەڵەبەی بردەوە، بەڵام لە چوار یاریی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی نییە، دوو جار یەکسانبووە و دوو یاریی دۆڕاندووە، ئەمە دووەم یارییە لەم وەرزەدا بەرامبەر یانەکانی کوردستان دەکات، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی زاخۆ یەکسانبوو.
پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر گوتی " دیالە تیپێکی باشە، لە 5 یاری 6 گۆڵیان هەیە، هەمیشە تاوەکو دوایین خولەکەکانی یارییەکە شەڕ دەکەن. 5 بۆ 6 گۆڵیان لە دوای خولەکی 85ـەوە تۆمار کردووە. ئەمە ئەوەت پێ دەڵێت کە ئەم تیپە کۆڵنەدەر و بەردەوامە و بێ ئومێد نابێت، جگە لەوەی یاریزانی باش و کادرێکی مەشقی بەڕێزیان هەیە.
بەپێی راگەیێنراوی یانەی هەولێر، ئەمڕۆ کاژێر 14:00 لەبەردەم یاریگای فرانسۆ هەریری دەستدەکرێت بە فرۆشتنی بلیتەکانی یارییەکە، بلیتی ئاسایی یارییەکە 3 هەزار دینار نرخەکەیەتی و بلیتی تایبەت بە 15 هەزار دینارە.



